کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی لێبوردنی نیونەتەوەیی لەبارەی مەترسیی ئەشکەنجە و سێدارەی دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار لە ئێراندا

15:55 - 13 رێبەندان 2725

ڕیکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی نیگەرانیی قووڵی خۆی دەربڕی و ڕایگەیاند، دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ لە ئێران، لەگەڵ مەترسیی ئەشکەنجە، مامەڵەی خراپ، توندوتیژیی جەستەیی و پێشێلکاریی بەرفراوانی مافە بنەرەتییەکانی مرۆڤ بەرەوڕوو بوونەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، هەزاران کەس لە پێوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی بەفرانباردا، بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕیژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون،  کە تووشی ئەشکەنجە و هەموو جۆرێک لە مامەڵەی نامرۆڤانە دەبنەوە.

ئەم ڕێکخراوە هۆشداریی داوە، کە پرۆسەی دادوەریی ناداپەروەرانە و بێبەشکردنی دادگاییکردنی دادپەروەرانە سزای توندی وەک زای زیندانیی دریژخایەن و لەسێدارەدانیان بەدواوە دەبێت.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، چارەنووس و شوێنی مانەوەی ژمارەیەکی بەرچاو لە دەسبەسەرکراوان هێشتا ناڕوونە، پرسێک کە نیگەرانییەکانی لەبارەی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و پەرەسەندنی پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ زیاتر کردووە.

لێبوردنی نیونەتەوەیی لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەیدا جەختی کردوەتەوە کە نیگەرانییەکان لە بارودۆخی دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکان کە لە ٧ی بەفرانبار دەستی پێ کرد، دوابەدوای هەڵوێستەکانی ئەم دواییانەی بەرپرسانی بەناو دادوەریی ئێران زیادی کردووە.

بە قسەی ئەم ڕێکخراوە، بەرپرسی هێزی بەناو دادوەری بە دەرکردنی بڕیاری " لێبڕاو" بۆ داواکارانی گشتی، بۆ چڕبوونەوەی زیاتری سەرکوتکردنی دادوەری ڕیگەخۆشکەر بووە. بەرپرسانی باڵای ڕێژیم ناڕەزاییەتییە جەماوەرییەکانیان بە هاوتای ئەو تاوانانە زانیوە کە سزای لەسێدارەدانیان هەیە.

ئەم ڕێکخراوە نێونەتەوەیییەی بەرگریکار لە مافی مرۆڤ، خوازیاری ڕاگرتنی خێرای ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ لەگەڵ دەسبەسەرکراوان و ڕوونکردنەوەی دۆخ و شوێنی مانەوەیان و هەروەها گەرەنتیکردنی مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە بەپێی ستانداردە نیونەتەوییەکانی مافی مرۆڤە.