کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر لە سەردەشت

11:45 - 4 رەشەمه 2725

ڕۆژی شەممە ٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٤، دوکتور فەرەیدوون عەلیپوور، کەسایەتیی دیار و خۆشناوی شاری سەردەشت بەهۆی جەڵتەی دڵەوە، کۆچی دوایی کرد.

دوکتور فەرەیدوون لە ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی، لە شاری سەردەشت لە دایک بوو و هەر لە تەمەنی لاوییەوە، خۆشەویستیی نیشتمان و هەستی کوردایەتیی تێدا بەدی دەکرا.

ناوبراو بە هەوڵ و تێکۆشانی بێوچانی، بڕوانامەی دکتۆرای پسپۆڕیی لە بواری "بایۆتێکنۆلۆژی گیادەرمانییەکانـ"ـی لە زانکۆی ئەبهەر بەدەست هێنا.

ناوبراو بە زانستەکەی خزمەتێکی گەورەی بە نەتەوە و نیشتمانەکەی کرد.

دوکتور فەرەیدوون نزیکەی دوازدە ساڵ وەک مامۆستای قۆناغی سەرەتایی و مامۆستای زانکۆ خزمەتی کرد و لەپاڵ وانەکانی خوێندندا، قوتابی و خوێندکارەکانی بە وانەی مرۆڤدۆستی، میهرەبانی و هەست بە بەرپرسیارتیکردن پەروەردە دەکرد.

هەروەها ناوبراو دامەزرێنەری دەرمانخانەی گیادەرمانیی تایبەت بە خۆی بوو؛ دەرگای شوێنی کارەکەی هەموو کات بە ڕووی خەڵکدا کراوە بووە و دۆستی هەژاران و خەڵکی کەمداهات بوو.

دوکتور فەرەیدوون، مرۆڤێکی خاکەڕا و خۆنەویست و دۆست و پشتیوانێکی هەمیشەیی حیزبی دێموکرات بووە و هەستی کوردایەتی، دڵسۆزی بۆ گەل و نیشتمان و حیزبی دێموکرات وای کردبوو کە لەنێو خەڵکی کوردستاندا خۆشەویست و جێگای متمانە بێت.

​ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەو بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.