خوێندکارانی چەندین زانکۆی ئێران لەوانە زانکۆکانی تاران و زانکۆی فێرەدەوسی لە مەشهەد، بۆ دووەمین ڕۆژ گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجام دا و دروشمیان دژی بەرپرسانی ڕێژیم بەرز کردەوە.
ڕۆژی یەکشەممە، ٣ی ڕەشەمە، خوێندکارانی زانکۆکانی تاران لەوانە، زانکۆی هونەری ئێران، عیلم و سەنعەت، بەهەشتی، ئەمیرکەبیر، سەنعەتی شەریف و زانکۆی تاران گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجام دا و لەم گردبوونەوەیدا دروشمی دژی ڕێژیم و ڕێبەری ئێرانیان وتەوە.
هەروەها خوێندکاران لەم گردبوونەوەیەدا پشتیوانیی خۆیان لە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباریش دەربڕی.
لە کاردانەوەی ڕێژیم بەرانبەر بەم ناڕەزایەتییانەی کە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا ڕوی داوە، زانکۆی "سەنعەتی شەریف" ببووە گۆڕەپانی ناڕەزایەتی خوێندکاران و هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم ڕێگرییان لە چوونی خوێندکاران بەرەو دەروازەی ئەم زانکۆیە کرد.
هۆکاری ڕێگریکردن لە چوونی خوێدنکارانیان بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە ڕەفتاری خوێندکاران لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا دژی یاساکانی زانکۆ و لەوانەش بەکارهێنانی زمانێکی نەشیاو و شەڕکردنی جەستەیی بووە.
لە ئەنجامدا گرژی و پێکدانان لە نێوان خوێندکاران و هێزە بەسیجییەکانی ئەم زانکۆیەدا ڕووی داوە.
سەرکوت، نادادپەروەری، دەسبەسەرکران، هەژاری و چەندین کێشەی تر بوونە هۆکاری سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران بەگشتی و لە ئێستای زانکۆکانی تاران بەتایبەتی.