ڕۆژی هەینی ١ی ڕەشەمەی۱٤٠٤، مەجید کاکەبرا پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکرات و خەڵکی ئاوایی قسقۆپی هەوشاو، بەهۆی نەخۆشی و هەڵکشانی تەمەنەوە کۆچی دوایی کرد.
بنەماڵەی کاک مەجید لە سەردەمی ڕێژیمی پێشوودا، دژی دەسەڵاتی پەهلەوی و ژاندارمەکان بوون.
پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی و هاتنەسەرکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، کاک مەجید هاوکات لەگەڵ پۆلێک لە خەڵکی ئاوایی قسقۆپی پێوەندییان بە حیزبی دێموکراتەوە گرت و بە فەرمی بوون بە پێشمەرگە.
کاک مەجید وەک پێشمەرگەیەکی ئازا و چاونەترس لە چەندین شەڕ دژ بە هێزەکانی ڕێژیمدا بەشداریی چالاکانەی هەبووە.
نابراو هەتا گرتنەوەی ناوچەی هەوشار لە بەرەکانی شەڕدا، فیداکاریی زۆری نواندووە و چەند جاریش بریندار بووە.
کاک مەجید لە ساڵی ٦٣ی هەتاوی لەسەر ئیزنی حیزب گەڕایەوە نێو بنەماڵەکەی و هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی وەفادار بە ڕێبازی حیزبی دێموکرات و ئامانجە بەرزەکانی مایەوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەو بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.