کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرانیی دەرمان و وڵامدەرنەبوونی بەرپرسانی ڕێژیم لە بەرانبەر نەخۆشەکاندا

16:17 - 4 رەشەمه 2725

گرانیی لەڕادەبەدەری نرخی دەرمان و کەمبوونی توانای کڕینی خەڵکی ئێران، نیگەرانییەکان لەمەڕ چارەنووسی نەخۆشەکانی زۆر کردووە.

ڕۆژنامەی "پەیامـ"ـی ڕێژیم لە ڕاپۆرتێکدا لەژێر ناوی "دەردی بێ دەرمانی گرانیی دەرمان" ئاماژەی بە شوێندانەریی ڕاستەوخۆی نرخی ئەرزی دەرمان لەسەر نرخی دەرمانەکان کردووە و نووسیویەتی: "ئەم هەڵکشانەی نرخی دەرمان، تەندروستیی نەخۆشەکانی بە تەواوی خستووەتە مەترسییەوە".

پێشتریش فاتمە موهاجرانی، وتەبێژی دەوڵەتی پزیشکییان ڕایگەیاندبوو کە "هەتا ئێستا بڕیاری نوێ لەبارەی ئەرزی دەرمانەوە نەدراوە و چارەنووسی ئەرزی دەرمانی ٢٨ هەزار و ٥٠٠ تمەنی هەروا نادیارە".

لەو پێوەندییەدا، یوونس عەرەب بەڕێوەبەری گشتیی ئەنجومەنی تالاسێمیی ئێران ڕایگەیاند، چەند قاتبوونی نرخی دەرمانی نەخۆشە تایبەتەکان، بە پێچەوانەی لێدوانی بەرپرسان، هیچ کۆنتڕۆڵێکی بەسەرەوە نییە و ڕۆژ بە ڕۆژ گرانتر دەبێت.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، لێکەوتەی قەیرانی ئابووری، ناکارامەیی و لاوازیی بەڕێوەبەریی بەرپرسانی ڕێژیم، بەشی دەرمان و کەرتی تەندروستیشی گرتووەتەوە و بیمەکان تێچووی نەخۆشەکان نادەنەوە و لە ئەگەری بەردەوامیی ئەو ڕەوتەدا، تەندروستیی گشتیی خەڵکی ئێران دەکەوێتە دۆخی مەترسیداری جیددییەوە.