هاوسەرۆکایەتیی گشتیی پارتی یەکیەتیی دێموکراتیک (پەیەدە) لە ڕاگەیەندراوێکدا، پیرۆزبایی دامەزراندنی «هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران» دەکات.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە:
«ئەم هەنگاوەتان لەم هەلومەرجەدا کە ناوچەکە و جیهان گۆڕانکاریی خێرا بەخۆیانەوە دەبینن، خاوەنی گرنگییەکی مێژووییە. بڕوامان وایە هەموومان لە قۆناغێکی مێژوویی و چارەنووسسازداین؛ قۆناغێک کە تێیدا چارەنووسی گەلی کورد، قەوارەی سیاسیی هەر چوار پارچەی کوردستان و ئایندەی گەلانی تری ناوچەکە دیاری دەکرێت.
ئەم ڕاگەیاندنە وەرچەرخانێکی سیاسیی زۆر گرنگە لە کاروانی تێکۆشانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا. هەروەها وەڵامێکی دروست و پێویستە بۆ ئەم سەردەمە، کە تێپەڕاندنی هەموو ناکۆکییەکان، یەکخستنی تواناکان و بنیادنانی دیدێکی نەتەوەیی هاوبەش دەخوازێت؛ دیدگایەک کە بتوانێت بەرگەی ئاڵنگارییەکان و گۆڕانکارییە هەرێمییەکان بگرێت و پێگەی سیاسیی کورد لە هاوکێشە نوێیەکاندا بەهێزتر بکات.
لە ئەنجامی تێکۆشانی دوورودرێژی گەلەکەمان، ئێستا کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان بووەتە ڕۆڵگێڕێکی سەرەکی لە هەر گۆڕانکارییەک و نەخشاندنی ئایندەی ناوچەکەدا. هەر بۆیە، یەکڕیزی و پەرەپێدانی هەڵوێستی هاوبەش، دەتوانێت کاریگەریی کورد لەم قۆناغە مێژووییەدا زۆرتر بکات.
مێژوو سەلماندوویەتی کە هێزی ڕاستەقینەی کورد لە یەکێتی و یەکهەڵوێستیدایە. درێژەدان بە تێکۆشان بۆ گەیشتن بە دیدگایەکی نیشتمانیی بەرفراوان لەسەر بنەمای ئیرادەی گەل و مافە ڕەواکانیان ــ بەتایبەت مافی دیاریکردنی چارەنووس ــ بناغەیەکە بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی دێموکراتیک کە خواستەکانیان بۆ ئازادی، شکۆ و دادپەروەری بەدی بهێنێت.
ئێمە لە پارتی یەکیەتیی دێموکراتیک (پەیەدە)، پشتگیریی تەواوی ئەم هەنگاوە دەکەین و هیوادارین ئەم هاوپەیمانییە ببێتە هەوێنی قۆناغێکی نوێ و فراوانتری کاری هاوبەش. ئەمە بە هەنگاوێکی کردەیی دەبینین بەرەو پتەوکردنی یەکڕیزیی کوردان، بە جۆرێک کە لە خزمەت بەرژەوەندی و مافەکانی گەلەکەماندا بێت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پارێزگاری لە تێکۆشانی دەیانساڵەیان بکات.
هەروەها هیوادارین لە نزیکترین کاتدا، هەموو هێزە سیاسییەکانی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان، کۆنگرەیەکی نەتەوەیی بەرفراوان ساز بکەن و بنەمای هاوپەیمانییەکی گشتی و نەتەوەیی دابنێن؛ ئەمەش بۆ ڕێگری لەو پیلان و هێرشانەی دەیانەوێت جارێکی تر گەلەکەمان ڕووبەڕووی قڕکردن بکەنەوە، هەروەها بۆ پاراستن و چەسپاندنی دەستکەوتەکان لە سەرانسەری کوردستاندا.
هیوای سەرکەوتن بۆ ئەم هەوڵە نەتەوەییانە دەخوازین و ئەم هەنگاوە بە دەسپێکی سەردەمێکی نوێی یەکگرتوویی و بەرپرسیارێتیی مێژوویی دادەنێین.»