کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوپەیمانیی سیاسیی هاوپێوەندیی گشتگیر بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران پشتیوانیی لە پێکهێنانی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران کرد

11:12 - 5 رەشەمه 2725

هاوپەیمانیی سیاسیی هاوپێوەندیی گشتگیر بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، پێکهاتنی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێرانی بە هەنگاوێکی مێژوویی، ستراتێژیک، دیاریکەر و کاریگەر لە ڕێکخراوبوونی ‌هێزە ڕزگاریخوازەکان لە ئێراندا زانی.

ئەم هاوپەیمانییە سیاسییە لە بەیاننامەکەی خۆیدا ڕایگەیاندووە: پێکهاتنی ئەم هاوپەیمانییە، وڵامێکی وشیارانە بە پێویستیی یەکڕیزیی هێزە سیاسییەکانی کوردستان و گەشەپێدانی ڕۆڵی دیاریکەری نەتەوەی کورد لە هاوکێشە چارەنووسسازەکانی ئێرانە.

ئەم هاوپەیمانییە جەختی کردووەتەوە کە ئازادی، دێموکراسی و دادپەروەری لە ئێراندا بە بێ بەفەرمی‌ناسینی مافی نەتەوەی کورد و باقی نەتەوەکان و دانیشتووانی وڵات دەستەبەر نابێ. مافی دیاریکردنی چارەنووس، خۆبەڕێوەبەریی دێموکراتیک و یەکسانیی تەواوی سیاسی و یاسایی نەتەوەکان، کۆڵەكەی هەر نیزامێکی سیاسیی ئازاد و یەکسان لە ئێرانە کە نابێ لەبەرچاو نەگیرێ.
هاوپەیمانی گشتگیر لەم بەیاننامەیەدا پشتیوانیی خۆی لە ئامانجەکانی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لەوانە خەبات بۆ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی و جێگیرکردنی دەسەڵاتێکی دێموکراتیک و سێکۆلار، دابینکردنی مافی ژنان، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و پاراستنی ژینگە ڕاگەیاندووە و ئەم هاوپەیمانییەی بە هۆکارێک بۆ بەهێزبوونی بەرەی ڕزگاریخوازیی خەڵکی ئێران زانیوە.

هاوپەیمانی گشتگیر هەروەها ئامادەیی خۆی بۆ هاواهەنگیی سیاسی و هەوڵی هاوبەش بۆ گۆڕانی پێکهاتەی دەسەڵات و بونیاتنانی ئێرانێکی فرەنەتەوە، دێموکراتیک و بەرابەر ڕاگەیاندووە.