بەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، ٣ی ڕەشەمە ٥ حیزبی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا "هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران"یان ڕاگەیاند.
کاک محەممەدنەزیف قادری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ل وتووێژێکدا لەگەڵ بەشی کوردیی دەنگی ئەمریکا، ڕووخانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە یەکێک لە "ئامانجە سەرەکییەکانی" هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران ناو برد.
بەڕێز قادری لە لێدوانێکی تایبەتیدا بۆ دەنگی ئەمریکا: ئامانجە سەرەکییەکانی هاوپەیمانییەکەی دامەزراندنی سیستمێکی دێموکرات و کارکردن بۆ گەیشتن بە ماف و چارەنووسی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران ڕاگەیاند.
هەروەها وتی، دوای ئەوەی ئامانج و هۆکارەکانی ئەم هاوپەیمانییە بە تەواوی لەنێو لایەنە بەشداربووەکاندا تاوتوێ کرا، هاوپەیمانییەکە لە چوارچێوەی ئەو خاڵانەی کە دانرابوون لەلایەن کەسی یەکەمی لایەنە بەشداربووەکانەوە واژۆی لەسەر کرا.
بەڕێز قادری ئاماژەی بەوەش کرد کە هاوپەیمانییەکە لەگەڵ لایەنی کوردستانی و ئێرانیشدا کار دەکات و هەوڵ بۆ بەهێزکردنی کارەکان لە ناوخۆی کوردستان و لەناو ئێراندا بەگشتی دەدات.
ناوبراو جەختیشی کردەوە کە لەم هاوپەیمانییەدا "کاری مەدەنی و ڕێکخراوەیی، و زیادکردنی دانپێدانانی بزووتنەوەکە لە کوردستان و ناوچەکە و جیهان و پاڵپشتیکردنی کارەکانی بزووتنەوە کوردییەکان لە پارچەکانی دیکەی کوردستان تیشکیان دەخرێتە سەر.
لە بەیاننامەی هاوپەیمانییەکەدا هاتووە کە لایەنەکان ئامادەیی خۆیان بۆ هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوەکانی دیکە دەربڕیوە و ڕایانگەیاندووە کە "وێڕای پاڵپشتیکردن لە پێکهێنانی قۆناغی گواستنەوەی دێموکراسی و هەمەلایەنە، هەر هاوکاری و هاوپەیمانییەک لەگەڵ لایەنەکانی دیکەدا لەسەر بنەمای "دانپێدانان بە مافی نەتەوەکان"، "قەبووڵکردنی دێموکراسی" و "ڕەتکردنەوەی هەر دیکتاتۆرییەک" بنیات دەنێین."
هەروەها بەڕێز قادری زیادی کرد، لەو هاوپەیمانییەدا باوەڕمان بە پاراستنی ژینگە، دادپەروەری کۆمەڵایەتی، مافی یەکسانی ژن و پیاو، دامەزراندنی هەڵبژاردنی ئازاد، دەستەبەرکردنی مافە بنەڕەتییەکانی هەموو نەتەوەکان و کەمایەتییە ئایینییەکانی کوردستان و بەدامەزراوەییکردنی سیستەمێکی دێموکراتیک و ئیداری لە کوردستانی ئێراندا هەیە.