دوابەدوای ململانێ و جموجۆڵە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ، ئەمریکا کارمەندانی باڵوێزخانەکەی لوبنانی کەم کردەوە و زۆربەی لەو وڵاتە کشاندنەوە.
ڕۆژی دووشەممە ٤ی ڕەشەمە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند؛ کە بەهۆی پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییانە، بڕیاریان داوە زۆربەی کارمەندانی باڵوێزخانەی ئەو وڵاتە لەگەڵ بنەماڵەکانیان لە بەیرووت بکشێننەوە.
بەرپرسێکی ئەمریکایی لەوبارەوە بە ڕویتێرزی ڕایگەیاند: "بەپێی نوێترین هەڵسەنگاندنی دۆخی ئەمنییەتیی ناوچەکە، بڕیار دراوە کە بۆ هەر ئەگەرێک ڕێژەی کارمەندانی بگەیەننە لانیکەمی خۆی".
بەپرسی فڕۆکەخانەی بەیرووت کشانەوەی ٣٢ کارمەندی باڵوێزخانەی ئەمریکا هاوکات لەگەڵ بنەماڵەکانیانی پشتڕاست کردەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ئاگادارییەکدا، هۆشداریی بە هاووڵاتییانی خۆی داوە کە لە چوون بۆ لوبنان خۆیان ببوێرن و سەردانی ئەو وڵاتە نەکەن.
هاوکات بێنیامین نێتانیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی ئەم ئاڵۆزییانەوە ڕایگەیاند: "لە پێوەندی لەگەڵ ئێراندا، ڕۆژانێکی پڕ ململانێ و كێشە تێپەڕ دەکەین".
نێتانیاهوو وتیشی: "چاوەکانمان کراوەیەوە و بۆ هەر سێناریۆیەک ئامادەین و هۆشداریمان بە ڕێژیمی ئایەتوڵڵاکان داوە کە هەر هەڵەیەک بکەن، وەها وڵام دەدەینەوە کە بیریشیان لێ نەکردبێتەوە".
هەواڵدەرییە جیهانییەکان ڕایانگەیاند کە هەوڵەکانی ئەم دواییانەی ئەمریکا و جموجۆڵە سەربازییەکانی دەرخەری ئامادەکاریی تەواوی ئەو وڵاتە بۆ هێرشی بەربڵاو و گەورە لە دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە.
شایان باسە لە ماوەی زەمەنیی شەڕی نێوخۆیی لوبنان لەنێوان ساڵەکانی ١٩٧٥ هەتا ١٩٩٠دا، شارۆمەندانی ئەمریکایی و بنکە داراییەکانی ئەمریکا چەندین جار کراونەتە ئامانج و زیاتر لە ٣٠٠ کارمەند و هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا کوژراون.