کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ساندی تایمز: دۆخی ئەمریکا و ڕێژیمی ئێران لە مەترسیدارترین حاڵەتی ژئۆپۆلیتیکدایە

10:57 - 12 رێبەندان 2725

ڕۆژنامەی ساندی تایمز وەک بەناوبانگترین ڕۆژنامەی بریتانیا لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا ئاماژەی بە دۆخی ئەم دواییانەی نێوان ئەمریکا و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، هەڕەشە و ئەگەرەکانی داهاتوو داوە و باسی لەوە کردووە کە جموجۆڵە سەربازییەکانی ئەمریکا لە دەوروبەری ئێراندا دەتوانێت بە ئاسانی شەڕێکی گەورەی بەدواوە بێت.

بەپێی ڕاپۆرتی ساندی تایمز، ئەمریکا کەرەستە سەربازییەکانی وەک فڕۆکەی شەڕکەری ئێف ٣٥، فڕۆکەی سی ١٧، تانکەری سووتەمەنیی ئاسمانی و هێزە مرۆییەکانی بە ڕێژەیەک لە خاکی ئێران نزیک کردووەتەوە کە دەتوانێت بە ئاسانی هێرشی ڕاستەوخۆ بکات و هەموو بنکە و شوێنە هەستیارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بکاتە ئامانج.

هەر لەو پێوەندییەدا دۆناڵد ترامپ ئاماژەی بەوە داوە لە ئەگەری پێویستدا بە خێرایی و توندوتیژییەوە هێرش دەکەینە سەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی.

هەروەها ئەو ڕۆژنامە بریتانیاییە باسی لە دۆخی هەنووکەیی ڕێژیمی تاران کردووە و نووسیویەتی: "لە ڕوانگەی دۆخی نێوخۆیی و دەرەکییەوە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە لاوازترین ماوەی زەمەنیی دەسەڵاتداریی خۆیدایە".

هەروەها ساندی تایمز لە بەشێکی ڕاپۆرتە شیکارانەکەیدا پەرژاوەتە سەر قەیران و هەوڵە دژەمرۆییەکانی ڕێژیمی ئێران وەک سەرکوتی خوێناویی ناڕەزایەتییەکان، ئابووریی داڕماو، ناکارامەیی بەڕێوەبەری، گەمارۆکان و شپرزەیی دۆخی هێزە سەربازییەکانی ڕێژیم کردووە.

شیکارییەکانی ئەو ڕۆژنامە دەرخەری ئەوەیە کە مەرجەکانی دۆناڵد ترامپ بۆ کۆماری ئیسلامی جیبەجێ نابێت و بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی مەرجەکانی ئەمریکا بە خۆبەدەستەوەدان دەزانن و پێداگرن لەسەر پاراستنی ڕواڵەتیی ئابڕووی نیزام و هێڵە سوورەکانی عەلی خامنەیی بۆیە ئەو بنبەستە دەتوانێت شەڕێکی گەورە لێ کەوێتەوە.