لە درێژەی دەنگدانەوەی بەربڵاوی ڕاگەیاندنی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لە میدیا و هەواڵدەرییە ئێرانی، ناوچەیی و جیهانییەکاندا، دەنگی ئەمریکا وتووێژێکی لەگەڵ کاک حەسەن شەرەفی ئەندامی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێک هێنا.
کاک حەسەن شەرەفی لەبارەی گرنگیی وەها هاوپەیمانییەک بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند: "حیزبەکانی کوردستانی ئێران لەم کاتەدا هاتوونەتە سەر ئەو بڕوایەی کە گۆڕەپانی خەبات و تێکۆشان بەربڵاوتر، شوێندانەرتر و لە بواری چەندایەتی و چۆنایەتییەوە قووڵتر بکەنەوە".
کاک حەسەن ئاماژەی بەوە کرد کە "حیزبەکانی کوردستانی ئێران ئەندام لە هاوپەیمانی، سەرەڕای بوونی بیروڕای جیاوازیان لەسەر ئەو بڕوایەن کە ئەگەر هاودەنگ و هاوهەنگاو بن، چالاکی و خەباتیان شوێندانەرتر دەبێت".
بەڕێز شەرەفی لە وڵامی پرسیاری پێشکەشکاردا کە باسی لە چالاکیی حیزبە کوردستانییەکان تەنیا لە جۆغرافیایەکی بەرتەسکی سنوورداردا کرد، وتی: "من ئەو پرسیارەتان قەبووڵ ناکەم کە باس لەوە دەکەن خەبات و تێکۆشانی حیزبەکان تەنیا تایبەت بە بەشێکی کوردستانە بەڵکوو، لە نەورۆزی خاکیپۆشان و بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا هەموو بەشەکانی کوردستان لە ئیلام، کرماشان، بەشێک لە لوڕستان هەتا باکووریترین شارەکانی ڕۆژهەڵاتی گرتەوە".
هەروەها ئەندامی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکرات ڕایگەیاند کە بوونی فەرهەنگی حیزبایەتی و هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران دەبێت ببێتە نموونەیەکی باش بۆ حیزبەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆنی ئێران و سەرنجی زیاتری پێ بدرێت.
بەڕێز شەرەفی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هاوپەیمانییە داخراو نییە و دەتوانێت لە داهاتوودا بەربڵاوتر و گشتگیرتر ببێت و حیزبەکانی دیکەش پەیوەست بن.
ناوبراو باسی لەوە کرد کە "حیزبەکانی دیکەی ئێرانیش کە بە ڕاستی بڕوایان بە دێموکراسی و ئازادیی ئێران بێت، هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لەگەڵیان دەچێتە وتووێژەوە و هیوادارین ئەو هاوپەیمانییە چ لە ئاستی چوارچێوەی کوردستاندا چالاکییەکانی بەربڵاوتر بکات و هەم لە ئاستی ڕێکخراوە و حیزبە دژبەرەکانی دیکەی ئێراندا پەرەی پێ بدرێت".
کاک حەسەن باسی لەوە کرد کە ئێمە پێشتر ئەزموونی چەند هاوپەیمانی وەک کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ و هاوپێوەندیی گشتگیر بۆ ئازادی و بەرابەریمان لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی ئێراندا هەیە.
بەڕێز شەرەفی لەبارەی گرنگیی هاوپەیمانیی لەو چەشنە ڕایگەیاند: "ئەوە خەون و خەیاڵە کە لایەنێک، ڕێکخراو و حیزبێک پێی وابێت بە تەنیا ڕێژیمی ئێران لەنێو ببات و ئێران بەڕێوە ببات".
هەروەها کاک حەسەن لەبارەی چوارچێوەی چالاکییەکانی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران ڕایگەیاند: "چوارچێوەی چالاکیی حیزبەکانی ئەندام لەو هاوپەیمانییە هەموو ڕەهەندەکانی خەبات لە بواری ڕاگەیاندن، پێشمەرگانە، دیپلۆماسی، سیاسی و ... لەخۆ دەگرێت".
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران ڕۆژی یەکشەممە ٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ لەلایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، پارتی ئازادیی کوردستان، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان و سازمانی خەباتی کوردستانی ئێرانەوە بە فەرمی ڕاگەیەندرا و چالاکییەکانی دەست پێکرد.