کاک مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وتووێژێکدا لەگەڵ "ڕادیۆ فەردا" سەبارەت بە ڕاگەیاندنی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، ڕایگەیاند کە خاڵی هاوبەشمان خەباتی هاوبەش بۆ ڕووخانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە.
بەڕێز هیجری ڕایگەیاندووە کە هەتا ئەو کاتەی کە حکوومەتی ناوەندی بونیات بنرێ و ناوەندە ئیدارییەکانی کوردستان لە ڕێگەی دەنگی ئازادی خەڵکەوە دیاری بکرێن و بەڕێوەبردنی ناوچەکە بە دەستەوە بگرن، ڕێککەوتووین لەسەر ئەوەی کە بەرنامەیەکی هاوبەشمان بۆ بەڕێوەبردنی کوردستانی ئێران لە ماوەی تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامیدا هەبێ.
کاک مستەفا هەروەها باسی لەوە کردووە کە ئەم هاوپەیمانییە دەیەوێ هێزێكی پێشمەرگەی هاوبەش پێک بێنێت و بۆ ئەم مەبەستەش ئاییننامە و چوارچێوەیەکی دیاریکراو لەبەر چاو دەگیرێ.
لە بەشێکی دیکە لەم وتووێژەدا بەڕێز هیجری ڕایگەیاندووە: ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە هەموو حیزبەکان، مەزهەبەکان، نەتەوەکان و شێوەزارەکانی کوردستان، بتوانن لە ئاسایش و ئاشتیدا پێکەوە بژین و هاوکاری یەکتر بن. هاوکات ڕێکخراوە مەدەنییەکانی کوردستانیش بتوانن لە قۆناغی تێپەڕێن لە کۆماری ئیسلامیدا هاوکارمان بن.
کاک مستەفا لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە پاش ڕاگەیاندنی هاوپەیمانییەکە، ڕوانینی ئەم حیزبانە بۆ گرووپەکانی دیکە لە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیدا چی دەبێ ڕایگەیاند: ئێمە دەمانەوێ لەژێر ناوی ئەم هاوپەیمانییەدا، لەگەڵ ڕێکخراوە سیاسییەکانی ئێران بەتایبەت ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بچینە نێو وتووێژەوە و هەوڵ بدەین بەرنامەیەکی گشتی و یەکدەست ئامادە بکەین. ئامانج ئەوەیە کە لە قۆناغی تێپەڕیندا بەڕێوەبردنی کارەکان بەشێوەی ئاشتییانە لە سەرتاسەری ئێراندا بەڕێوە بچن. دەبێ لە کۆتاییدا بەو قۆناغە بگەین کە حکوومەتێکی هەڵبژێردراو لە ئێراندا جێگیر بێت.
کاک مستەفا سەبارەت بە پەیوەستنەبوونی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بەم هاوپەیمانییە ڕایگەیاندووە: ئێمە ڕاشکاوانە لە بەیاننامەکەماندا ڕامانگەیاندووە کە دەرگای هاوپەیمانییە بۆ کۆمەڵە و باقی حیزبەکانی دیکەش کراوەیە. تەنانەت ئەگەر ژمارەیک لەم حیزبانە نەیەنە نێو هاوپەیمانییەکەوە، ئەوە ئێمە لەگەڵیان دەچینە نێو گفتوگۆوە و بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان، کەڵک لە لێهاتووی ئەوان وەردەگرین و هەموو لایەنێک بانگهێشتی هاوکاری دەکەین.