کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیرۆزبایی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ بەبۆنەی پێکهێنانی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران

18:39 - 5 رەشەمه 2725

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ، لە پەیامێکدا پیرۆزباییەکی گەرم بەبۆنەی پێکهێنانی «هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران» لە پێنج حیزب و ڕێکخراوی سیاسیی کوردستان دەکات. حیزبە دامەزرێنەرەکان بریتین لە: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، پارتی ئازادیی کوردستان، حیزبی ژیانی ئازادی کوردستان و ڕێکخراوی خەباتی کوردستانی ئێران، کە ڕۆژی یەکشەممە ٣ی ڕەشەمە، پلاتفۆرمی هاوپەیمانییەکەیان واژۆ کرد.

لە پەیامی کۆنگرەکەدا هاتووە، ئەم هەنگاوە نیشانەی تێگەیشتن لە بەرپرسیارێتیی مێژوویی، پێگەیشتوویی سیاسی و ئیرادەی هاوبەشە بۆ بەهێزکردنی هاوپشتی و هەماهەنگی لەپێناو بەرگریکردن لە مافەکانی نەتەوەی کوردستان و هەموو نەتەوەکانی جوگرافیای ئێران. دروستکردنی هاوپەیمانییەکی لەم شێوەیە دەتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەر لە لێکنزیکبوونەوەی هێزە ئازادیخوازەکان و بەهێزکردنی خەباتی دێموکراتیکدا بگێڕێت.

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ هەمیشە جەختی لەسەر گفتوگۆ، هاوکاری و یەکگرتوویی نێوان هێزە سیاسییەکان کردووەتەوە و پێکهێنانی ئەم هاوپەیمانییەی بە هەنگاوێکی ئەرێنی لە ڕێگەی دروستکردنی بەرەیەکی بەرفراوان بۆ گەیشتن بە دێموکراسی، دادپەروەری، یەکسانی و دابینکردنی مافەکانی هەموو نەتەوەکانی ئێران زانی.

کۆنگرە وێڕای هیوای سەرکەوتن بۆ ئەم هاوپەیمانییە، ئامادەیی خۆی بۆ پشتگیریکردن لە هەر هەوڵێکی هاوبەش لەپێناو وەدیهێنانی مافی نەتەوەکان، چەسپاندنی دێموکراسی و دابینکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ئێران ڕاگەیاند.