ڕۆژی سێشەممە ٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ی هەتاوی هونەرمەند و مووزیکژەنی ناسراوی کورد، مامۆستا "جەعفەر مینایی" لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا لە شاری مەهاباد کۆچیدوایی کرد.
جەعفەر مینایی ژەنیاری ویۆلۆن، ساڵی ١٣٢٠ی هەتاوی لە شاری مەهاباد لەدایک بووه. قۆناخی منداڵی و مێرمنداڵی لەو شارە تێپەڕ کردووە و هەر لە منداڵییەوە ئۆگری هونەر و بەتایبەت ژەنینی ئامێری ویۆلۆن بووە.
مامۆستا جەعفەر مینایی ساڵی ١٣٤١ی هەتاوی له هونەرستانی باڵای مووسیقی لە شاری تەورێز وەرگیراوە و ساڵی ١٣٤٤ی هەتاوی لەوێ خوێندنی تەواو کردووە.
ناوبراو ساڵی ١٣٤٤ی هەتاوی لە ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی مەهاباد وەک مامۆستای مووسیقا دامەزراوە و ساڵی ١٣٧٥ی هەتاوی خانەنشین کراوە.
دواتر لەساڵی ١٣٧٣ی هەتاویدا فێرگەی مووسیقی "سەبا"ی لە شاری مەهاباد دامەزراندووە و هەزاران فێرخوازی کورد و تەنانەت کەسانی غەیرەکوردی فێری ئامێری ویۆلۆن کردووە.
مامۆستا جەعفەر مینایی کاری مووسیقا و دابەشکردنی بۆ هونەرمەندانی گەورە وەکوو مامۆستا حەسەن زیرەک، مامۆستا محەممەدی ماملێ، عەزیز شاڕوخ، خەلیل سدیقی، میکائیل، جەماڵ موفتی، تاهیر خەلیلی، مەلاحوسێن عەبدوڵڵازادە و چەندین هونەرمەندی دیکە کردووە.
وەک قوتابییەکانی باس دەکەن مامۆستا مینایی مامۆستایەکی ڕوحسووک، خەڵکی و خاکی بووە و وێڕای هونەرمەندی، کوردێکی نیشتمانپەروەر و خاکەڕا و بەهەڵوێست بووە.