دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری ئەمریکا لە نوێترین لێدوانی لەبارەی دۆخی ئێرانەوە ڕایگەیاند؛ ڕێگە نادەم کۆماری ئیسلامی وەک گەورەترین پشتیوانی تێرۆریزمی جیهانی دەستی بە چەکی ناوکی بگات.
دوێنێ سێشەممە دۆناڵد ترامپ لەبارەی دۆخی ساڵانەی وڵاتەکەیەوە لێدوانی دا و بەشێکی بەرچاو لە لێدوانەکەی بۆ باسکردن لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی تەرخان کردبوو.
ترامپ لە لێدوانەکەیدا ڕاستەوخۆ ئاماژەی بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کردووە و وتوویەتی: "ڕێگە نادەم دەستیان بە چەکی ناوکی بگات و ببێتە هەڕەشە و لە دژی ئەمریکا بەکاری بێنێت".
نابراو لە نێواخنی لێدوانەکەیدا باسی لە ئۆپەراسیۆنی "چەکوشی نیوەشەو" کە لە هێرشێکدا بەرنامەی چەکی ناوکیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەنێو چوو، کردووە.
سەرۆککۆماری ئەمریکا پێداگریی لەسەر سیاسەتی چەندین دەیەی ئەمریکا کە ڕێگری لە بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی تاران بووە، کردەوە.
دۆناڵد ترامپ باسی لە کوژرانی قاسم سلێمانی کرد و بە "باوکی بۆمبی سەر ڕێگا" ناوی برد.
ناوبراو ئاماژەی بە سەرکوتی خوێناویی بزووتنەوە سەرانسەرییەکانی ئێران کرد و وتی: "بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لانیکەم ٣٢ هەزار ناڕازییان کوشتووە".
بەرنامە مووشەکییەکانی ڕێژیمی تاران تەوەرێکی دیکەی لێدوانەکەی ترامپ بووە و لەوبارەوە وتی: "بەرنامەی مووشەکیی تاران ئەگەری هەیە بە خێرایی ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئەمریکا".
لە کۆتاییدا سەرۆککۆماری ئەمریکا بە ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: "لە بەرانبەر گەورەترین پشتیوانیی تێرۆرزیمی جیهاندا پاشەکشێ ناکەم".