ڕۆژی یەكشەممە ١٢ی رێبەندانی ١٤٠٤ (١/٢/٢٠٢٦)، کۆبوونەوەیەک بۆ کوردستانییانی نیشتەجێ لە وڵاتی بریتانیا، بە دەستپێشخەری کۆمەڵەی کوردی بریتانیا بەڕێوە چوو.
ئەم کۆبوونەوەیە بە بەشداریی زۆربەی حیزب و لایەنە سیاسییەکان و چالاکوانانی سیاسیی سەربەخۆ، ڕۆژنامەنوسان، ڕێکخراوە مەدەنییە کوردییەکان، لەشاری کۆڤێنتری پێک هات.
لەم دانیشتنەدا زۆر بە وردی لەسەر دەور و کارتێکەریی ڕێکخراوە مەدەنییەکان لە جووڵاندن و دروستکردنی لۆبی بۆ کاری نیشتمانی و نەتەوەیی کە مۆرکی لایەنێکی دیاریکراو یان حیزبێکی پێوە نەبێت قسە کرا و بە شناختێک لە ڕابردووی زۆربەی ڕێکخراوەکان کە لەبەر دەستدا بوو، پێداگریان کرد کە دەبێت ڕێکخراوە کوردستانییەکان کار بۆ گەیاندنی دەنگوڕەنگ و ویستی ڕاستەقینەی گەلەکەمان بە ڕووی دنیای دەرەوە لە بریتانیا و وڵاتانی دیکە بکەن و هاندەرێکیش بن بۆ هەماهەنگی و هاودەنگیی نێوان نوێنەرایەتیی لایەنە سیاسی و حیزبەکانی کوردستان کە بە ئاراستەی بەرژەوەندی نەتەوەیی و گشتیدا هەنگاو بنێن و کار بۆ یەکخستن و یەکگرتوویی هەرچی زیاتری ڕەوەندی کوردستانی لە دەرەوەی وڵات بکەن.
بۆ هەماهەنگی و هەنگاوی زیاتر بڕیار درا کە دەستەیەکی بەڕێوەبەری بۆ ڕێکخستن و ڕێبەریکردنی ئاکسیۆن و خۆپیشاندانەکان لە هەلومەرجی پێویست و لەناکاو، کاری لۆبیگەری، پەیوەندی لەگەڵ ئورگانەکانی بڕیاردەر، کاربەدەستان و کەسایەتییە ناسراوەکان لە وڵاتی بریتانیا، دیاری بکردرێت.
جێگای ئاماژەیە لەم دانیشتنەدا بەڕێز سەرباز بەرزەنجی وەک بەرپرسی فەخری بۆ دیاریکردنی ئەم دەستەیە هەڵبژێردرا.
شایەنی باسە هەیئەتێکی حیزب کە بۆ ئەم کۆرە بانگهێشت کردرابوو، بە بەشداری بەرپرسی گشتیی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بریتانیا لە باس و خواستەکاندا بەشدارییان کرد و لە ڕاستای پێداویستی و گرینگیی ئەم جۆرە هەنگاوانە، بۆ پشتیوانی و هاودەنگی لە گەڵیان، پەیامێکیان پێشکەش کرد.