کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل لەبارەی تێوەگلانی حیزبوڵڵا لە ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران هۆشداریی داوە

16:58 - 6 رەشەمه 2725

ڕۆژی سێشەممە، ٥ی ڕەشەمە، وەزیری دەرەوەی لوبنان لە ژنێڤ ڕایگەیاند، کە لوبنان ترسی ئەوەی هەیە لە ئەگەری پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا ژێرخانی وڵاتەکەی لەلایەن ئیسرائیلەوە بکرێتە ئامانج.

یووسف ڕاجی وەزیری دەرەوەی لوبنان، لە لێدوانێکدا بۆ چەند دەزگایەکی میدیایی ڕایگەیاندووە، " لە ئەگەری زیادبوونی گرژییەکان، هێرشی توند دەکەنە سەر ژێرخانە ستراتێژییەکانی وەکوو فڕۆکەخانەی بەیرووت".

ناوبراو، لە پەراویزی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاماژەی بەوە دا،" لە ئێستادا هەوڵی دیپلۆماسی دەدەین بۆ ئەوەی ژێرخانی مەدەنیی لوبنان نەکریتە ئامانج، تەنانەت لە هێرشی تۆڵەسەندنەوەشدا".

هەر لەو پێوەندییەدا، هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" ڕۆژی سێشەممە  بە پشتبەستن بە قسەی دوو بەرپرسی باڵای لوبنان، بڵاوی کردەوە، کە ئیسرائیل پەیامێکی ناڕاستەوخۆی بۆ لوبنان ناردووە، کە تێیدا هۆشداریی لە بارەی بەشداریکردنی حیزبوڵڵا لە هەر ئەگەرێکی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران داوە و ڕایگەیاندووە کە ئەگەر بەشداری بکات، ئەوە بە شێوەیەکی فراوان ئەم وڵاتە و ژێرخانە مەدەنییەکانی بە فڕۆکەخانەکانیشەوە دەکاتە ئامانج.