کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆچی دوایی کرد

17:17 - 6 رەشەمه 2725

ڕۆژی سێشەممە ٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٤، پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هاوڕێ حوسێن شوکری بە هۆی پیری و نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.

مام حوسین شوکری خەڵکی گوندی برایم خەساری گەورکایەتی لە بنەماڵەیەکی هەژار لە دایک بووە و پێش ئەوی لە دایک بێت بابی لە باشووری کوردستان کۆچی دوایی دەکات و بابی خۆی نابینی. هەر لە منداڵییەوە دەست دەداتە کار و لەلای خەڵک بە کاری جوراوجۆرەوە خەریک دەبێ.

لە سەردەمی خەباتی چەکداریی ٤٦_٤٧دا یارمەتیی هێزی پێشمەرگە دەدا و پاشان دەکەوێتە زیندانی ڕێژیمی شا و پاش ئازادبوونی و دوای شۆڕشی گەلانی ئێران دەبێتە پێشمەرگە و لە هێزی زمزیران سازمان دەدرێ.

تا ئەو کاتەی کە حیزب لە ناوخۆ بووە هەر لەگەڵ هێز بووە و چالاکانە لە هەموو شەڕەکانی ناوچەی سەردەشت و ڕەبەت بەشدار بووە.

دوای ئەوەی پێشمەرگە دێنە ئەمبەری سنوور، نەقڵی دەفتەر دەبێ و لە ئۆرگانەکانی دەفتەر سازمان دەدرێ و تا دوایین هەناسەی پێشمەرگە دەمێنێ.

مام حوسین هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی خۆشەویستیی خاک و خەڵک و حیزبەکەی لە دڵیدا بوو و وەک هەر شۆڕشگێڕێکی کورد ئاواتی ئازادیی زێد و نیشتمانەکەی بوو کە بە ئازادی بگەڕێتەوە باوەشی کوردستان، بەڵام مخابن مەرگ نەیهێشت بەم ئاواتەی بگات و ڕۆژی ٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە هاوسەنگەرانی کرد و تەرمەکەی لەنێو هاوڕێ و دۆستانی لە گۆڕستانی شەهیدانی حیزب ئەسپەردەی خاکی پیرۆزی کوردستان کرا.

ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەم بۆنەوە سەرخۆشی لە بنەماڵەی مام حوسێن و هەموو دۆست و هاوسەنگەرانی و خەڵکی ناوچەی گەورکایەتی دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.