ڕۆژی چوارشەممە ٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٤، شاندێکی حیزبی شیوعی کوردستان بە سەرپەرستیی بەڕێز ئەبوو کاروان سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی، سەردانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد و لەلایەن شاندی ڕێبەریی حیزب بە سەرپەرستیی بەڕێز مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە پێشوازییان لێ کرا.
لە دیدارەکەدا هەر دوولا تیشکیان خستە سەر دوایین ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانی ناوچەکە بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی و لەسەر پێویستیی هەماهەنگیی زیاتری نێوان حیزبە کوردستانییەکان هاوڕا بوون.
شاندی حیزبی شیوعی کوردستان خۆشحاڵی و پیرۆزبایی خۆیان بەبۆنەی پێکهێنانی هاوپەیمانیی نێوان پێنج حیزبی کوردستان دەربڕی و ڕاگەیاندنی ئەو هاوپەیمانیەتییەیان بۆ یەکخستنی یەکوتاریی سیاسی و پێویست بۆ بارودۆخی ئێستا بە هەنگاوێکی مێژوویی زانی.
شایانی باسە کە هەر دوو لایەن جەختیان لە بەهێزکردن و پتەوترکردنی پەیوەندییەکانیان کردەوە.