لە دوای هەڕەشە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ڕێژیمی تاران، سپای تێرۆریستیی پاسداران دەیان سەکۆی مووشەکی و سیستەمی ڕاداریی نوێی لە ناوچەکانی نێوان ئێران و عێراقدا جێگیر کردووە و ئامادەکاری بۆ شەڕ دەکات.
بەپێی زانیارییەکان، سپای پاسداران کۆمەڵێک سەکۆی مووشەکیی نۆژەن کردووەتەوە کە لە ڕەوتی شەڕی ١٢ ڕۆژەدا لەلایەن ئیسرائیلەوە کراونەتە ئامانج و لە ناوچەکانی نێوان ئێران و عێراقدا جێگیری کردوون.
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە سپای پاسدارانی ڕێژیم لە ماوەی ٨ مانگی ڕابردوودا، جموجۆڵی سەربازیی خۆی لە ناوچانەدا پەرە پێ داوە و دەستی بە نۆژەنکردنەوەی بنکە و سەکۆ مووشەکییەکان کردووە.
ئەو هەوڵانەی سپای پاسداران لەکاتێکدایە کە ئەمریکا لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بە شێوەی بەرچاو کەرەستەی شەڕ و هێزی سەربازیی ڕەوانەی ناوچەکە کردووە و هەڕەشەی لێدانی لە ڕێژیمی تاران کردووە.
ڕێژیمی تارانیش لە بەرانبەردا، چەندین جار هەڕەشەی کردووە کە لە ئەگەری هەر هێرش و هەوڵێکی سەربازیدا، تەواوی ناوچەکە نائارام دەکات و ڕایگەیاندووە کە شەڕ داوێنی هەموو وڵاتانی ناوچەکە دەگرێتەوە.