کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا کۆمەڵێک شیرکەت، کەسایەتی و کەشتیی دیکەی ڕێژیمی سزا دا

11:05 - 7 رەشەمه 2725

لە درێژەی سزادانی شیرکەت و کەسایەتییە پێوەندیدارەکان بە ڕێژیمی تاران، وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا دەیان کەشتی و شیرکەتی دیکەی خستە پێڕستی گەمارۆکانەوە.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا دوێنی چوارشەممە ٦ی ڕەشەمە ڕایگەیاند کە ١٢ کەشتی و نەوتکێش، ٤ کەسایەتی و ١٦ شیرکەتی پێوەندیدار بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی سزا دراون.

بیسنێت ئاماژەی بەوە کرد کە ئێران بە جێگەی پشتیوانی لە خەڵکی خۆی، داهاتە نەوتییەکان بۆ دابینکردنی لایەنی دارایی بەرنامە ناوکییەکانی خۆی تەرخان دەکات.

سکات بیسنێت، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا بە ڕویتێرزی ڕاگەیاند کە لە سزادانە لانیزۆرییەکان دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەردەوام دەبن.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ڕێژیمی تارانی بە فرۆشتی نەوتی نایاسایی و سپیکردنەوەی پارە بۆ سەرپێچی لە گەمارۆکان تاوانبار کرد.

لەو گەمارۆیانەی ئەمریکادا تەواوی سامان و هەژماری بانکیی کەسایەتی و ناوەندە سزادراوەکان، دەستیان بەسەردا گیراوە.

ڕۆژی هەینی ١٧ی ڕێبەندان، تامی پیگوت وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە دۆناڵد ترامپ لە درێژەی گوشارە لانیزۆرییەکان دژ بە ڕێژیمی تاران، سزای زیاتری خستووەتە سەر هەناردەکردنی نەوتی نایاسایی و بەرهەمه پێترۆشیمییەکانی ڕێژیمی تاران.

لە ١٠ ڕۆژی ڕابردووشدا، ١٥ ناوەند، دوو کەسایەتی و ١٤ کەشتیی نەوتهەڵگری دیکەی پێوەندیدار بە قاچاخکردنی نەوتی ڕێژیمی تاران لەلایەن ئەمریکاوە سزا دران.