ڕێکخراوی جیهانیی کورد بە بایەخێکی زۆرەوە دەڕوانێتە هەواڵی پێکهێنانی هاوپەیمانیی پێنج حیزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە گەرمی پیرۆزبایی ئەم هەنگاوە نیشتمانییە گرنگە دەکات.
ئێمە ئەم دەسپێشخەرییە لەم بارودۆخە هەستیارەدا، بە کارێکی ژیرانە، پێویست و ئومێدبەخش بۆ چەسپاندنی تەبایی نەتەوەیی، یەکڕیزیی سیاسی و بەرزکردنەوەی ئاستی خەباتی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دادەنێین. بێگومان هەنگاونان بەرەو کاری هاوبەش و هەماهەنگیی ڕێکخراوەیی لەنێوان هێزە سیاسییەکاندا، دەبێتە هەوێنی وەرچەرخانێکی نوێ لە تێکۆشانی کاریگەر و بەرپرسیارانە بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی نەتەوەی کورد.
ڕێکخراوی جیهانیی کورد، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی و پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ ئەم پرۆسەیە، ئامادەیی بۆ هەر جۆرە هاوکارییەکی بونیاتنەر لە پێناو گەیشتن بەم ئامانجانەی خوارەوە ڕادەگەیەنێت:
ـ پەرەپێدان و گشتگیرکردنی ئەم چوارچێوە یەکگرتووە.
ـ داڕشتن و ڕوونکردنەوەی ڕێکارە کارییە ڕوون و کاراکان.
ـ ڕەخساندنی زەمینە بۆ بەشداریی حیزبەکانی دیکە، ڕێکخراوە مەدەنییەکان، ناوەندە پسپۆڕییەکان و کەسایەتییە شارەزا و خاوەن ئەزموونەکان.
ڕێکخراوی جیهانیی کورد بڕوای وایە سەرکەوتنی ئەم دەسپێشخەرییە، بەستراوەتەوە بە پەرەپێدانی گیانی گشتگیری، دیاریکردنی ڕێکارە دامەزراوەییە ڕوونەکان و بەشداریی هەرچی زیاتری هێزە سیاسی و مەدەنییەکانی کوردستان. لەم قۆناغە نوێیەدا، هەر هەنگاوێک لە ئاراستەی یەکڕیزیی کرداری و هەماهەنگیی نەتەوەییدا، دەتوانێت ڕۆڵێکی بنەڕەتی لە پاشەڕۆژی گەلی کوردستاندا بگێڕێت.
ڕێکخراوی جیهانیی کورد جارێکی دیکە دەستخۆشی لەم هەنگاوە دەکات و جەخت لە ئامادەیی خۆی بۆ وتووێژ، گۆڕینەوەی بیروڕا و هاوکاریی کردەیی لە چوارچێوەیەکی بەرپرسیارانە و دووربینانەدا دەکاتەوە.
ڕێکخراوی جیهانیی کورد
٢٤ / ٢ / ٢٠٢٦