کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران لە بەرەبەری ڕێککەوتێک لەگەڵ چین بۆ کڕینی مووشەکی کرووزە

12:16 - 7 رەشەمه 2725

هەواڵدەریی ڕویتێرز ڕایگەیاندووە کە ئێران بۆ کڕینی مووشەکی کرووزی دژە کەشتی لە بەرەبەری ڕێککەوتنێک لەگەڵ وڵاتی چینە. بەپێی ڕاپۆرتەکان مووشەکی سی ئێم٣٠٢ی چین بۆردەکەی  ٢٩٠ کیلۆمەترە و بۆ دەرچوون لە سیستمی بەرگریی کەشتییەکان و فڕینی نزم و خێرا درووست کراوە.

پیتێر وزمان،  توێژەری دامەزراوەی  نێونەتەوەیی لێکۆڵینەوەکانی ئاشتیی ستۆکهۆڵم بە ڕویتێرزی وتووە: کڕینی مووشەکی سی ئێم ٣٠٢ بە شێوەیەکی بەرچاو توانایی جبەخانەکانی ئێران دووبارە بەهێز دەکاتەوە کە لە شەڕی ١٢ ڕۆژە لاواز بوون.

ڕویتێرز نەیتوانیوە ڕوونی بکاتەوە کە لەم ڕێککەوتنە چەند مووشەک دەدرێت بە ئێران، و ئێران بڕیارە چ بڕە پارەیەک بۆ مووشەکەکان بدات.

سەڕەرای ئەمانەش بە پەرەسەندنی ئاڵۆزی و گرژییەکان لە ناوچەکە ناڕوونە کە چین ئەم ڕێککەوتنە جێبەجێ دەکات یا نا.

بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە ڕویتێرزی وتووە: ئێران لەگەڵ هاوپەیمانەکانی ڕێککەوتنی نیزامی و ئەمنیی هەیە و ئێستا بۆ کەڵکوەرگرتن لەم ڕێککەوتنانە، کاتێکی زۆر گونجاوە.