ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١ی فێوریەی ٢٠٢٦ لە کۆپێنهاگی پایتەختی دانمارک خۆپیشاندانێک لەژێر ناوی بەرزڕاگرتنی یادی قوربانییانی سەرهەڵدانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە ناوەندی شار، لەلایەن خوێندکارانی کورد لە دانمارک و بە بەشداریی بەرچاوی کوردستانییان و هەندێک لایەنی ئێرانی و دانمارکی بەڕێوە چوو.
خۆپێشاندانەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری و سەربەستی گەلەکەمان دەستی پێ کرد.
لە بڕگەکانی خۆپیشاندانەکەدا سروود و دروشمی شۆڕشگێڕانە وترانەوە و خۆپیشاندەران وێنەی دەیان شەهیدی کوردستان و بەشەکانی دیکەی ئێرانیان بەدەستەوە گرتبوو.
دواتر لەلایەن چالاکوانی سیاسی کاک سەعید سوڵتانپوور بە زمانی دانمارکی وتارێک پێشکەش کرا. بەڕێزیان وێڕای بەرزنرخاندنی قوربانیدانەکانی خەڵکی کوردستان و ئێران بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی ئاماژەی بە دۆخی هەنووکەیی کوردستان و ئێران کرد. ناوبراو لەگەڵ ئاماژە بە بارودۆخی سەرکوتە دڕندانەکانی ڕێژیمی ئێران بە تایبەتی لە ناوچەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پچرانی هێڵەکانی پەیوەندی لەگەڵ ناوخۆی وڵات، ئاماژەی بە گرینگیی هەنگاوەکانی یەکیەتیی ئورووپا لەمەڕ بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد و جەختی لەسەر هەنگاوی کردەیی زیاتر کردەوە بۆ کورتکردنەوەی دەستی کۆماری ئیسلامی لە هەموو ناوەندە جیهانییەکان و گوشار خستنەسەر ئەم ڕێژیمە دژەمرۆڤە.
لە بەشی دواتردا شرۆڤەکاری سیاسی و کەسایەتیی کورد و دانمارکی "ژینۆ ویکتۆریا دووئابی" ئاماژەی بە ڕۆلی مێژوویی کورد لە خەبات دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران و زاتی داگیرکەرانەی ئەم ڕێژیمە لە کوردستان کرد و ڕۆڵی بەرچاوی ژنانی لە بەربەرەکانێ لەگەڵ ئەم ڕێژیمە بەرز نرخاند. ناوبراو لە وتەکانیدا خەباتی خەڵکی کوردی دژ بە سپای تێرۆریستی پاسداران و بەرخوودانی خەڵکی کورد و ڕاوەستانیان بەرامبەر فتوای جیهادی خومەینی بە پیرۆز زانی و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد لەم خەباتە پیرۆزەدا لە پەنای خەڵکی کورد ڕاوەستن.
لە بەشەکانی دواتردا وتاری حیزبی شۆڕشگێڕانی کۆمۆنیستی دانمارک لەلایەن نوێنەری ئەم حیزبەوە پێشکەشی ئامادەبووان کرا و چەندین هۆنراوەی ئەدەبی و مووزیکی بەرهەڵستکارانە بۆ پشتیوانی و بە یادی قوربانییانی کوردستان و ئێران لەلایەن کۆمەڵێک لاو و هەڵبەستوانی کوردەوە پێشکەش کرا و بۆ هاوپەیوەندی پارچەکانی کوردستان بە تایبەتی ڕۆژاوای کوردستان لەلایەن بەڕێوبەرانی ئەم خۆپیشاندانەوە ئاماژە بە گرینگیی یەکگرتوویی کورد کرا و خەباتی ئەم بەشەی کوردستانیش بەرز ڕاگیرا.