کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ لە بەیاننامەیەکدا باسی لەوە کردووە کە هەڵوێستی پەهلەوی جارێکی دیکە نیشانی دا کە لە پشت ئەو دروشمانەی کە باسی ئازادی و داهاتووی ئێرانی نوێ دەکەن، هەمان ڕوانینی کۆن، ناوەندخواز و دەسەڵاتخواز شاردراوەتەوە کە لە ماوەی ١٠٠ ساڵی ڕابروودا هۆکاری بەشێکی گەورە لە ئازار و لێکهەڵبڕانەکان لە ئێراندا بووە.
کۆنگرە ئاماژەی بەوە کردووە کە پەهلەوی لە کاردانەوە بە ڕاگەیاندنی "هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران"دا، حیزبە کوردستانییەکانی وەک "چەند گرووپی جیاییخواز" ناو بردووە و لەکاتێکدا کە هێشتا هیچ دەسەڵاتێکی بەدەستەوە نییە، هەڕەشەی کردووە کە لە ئەگەری بەدەستەوەگرتنی هێز، بۆ سەرکوتی خەڵکی کوردستان، ئەرتەش ڕادەسپێرێت. ئەمجۆرە ئاخاوتنە نە تەنیا لەگەڵ بنەماکانی دێموکراسی و مافی مرۆڤ یەک ناگرێتەوە، بەڵکوو وەبیرهێنەرەوەی وێژمانی حکوومەتە پاوانخوازەکانە کە بە دەیان ساڵ مۆرک لێدان و ئەمنییەتیکردنی داخوازییە ڕەواکانی نەتەوەکانی ئێران، سەرکوتیان لەژێر ناوی "پاراستنی تەمامیەتی ئەرزی" پێناسە کردووە.
کۆنگرە لەم بەیاننامەیەدا ڕاشکاوانە خەباتی نەتەوەی کووردی، بە بەشێکی جیانەکراو لە خەباتی سەرتاسەریی خەڵکانی ئێران دژی سەرەڕۆیی زاڵ و بۆ گەیشتن بە دێموکراسی، سێکۆلاریسم و یەکسانیی ماف زانیوە و ڕایگەیاندووە کە داواکردنی ئازادی، کەرامەتی مرۆیی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، مافی پەروەردە بە زمانی دایکی، بەڕێوەبردن و بەشداری لە پێکهاتەی داهاتووی ئێران، نەک جیاییخوازی نییە بەڵکوو نیشاندەری بنەما ناسراوەکانی مافی نەتەوەکان لە بەڵگە نێونەتەوەییەکانە.
کۆنگرە خەباتی خەڵکی کوردستانی، خەبات دژی هەڵاواردنی سیستماتیک و نکۆڵیکردن لە شوناس ناو بردووە و ڕایگەیاندووە کە نزیک بە پێنج دەیە پێش بە زمانێکی هاوشێوە، فەرمانی جیهاد دژی کوردەکان دەرکرا و ئاکامەکەی تەنیا قووڵبوونەوەی نەبوونی متمانە و بەردەوامیی زامە نەتەوەییەکان بوو.
کۆنگرە لە بەشێکدا ڕایگەیاندووە: ئێمە هۆشداری دەدەین، هەر پرۆژەیەکی سیاسی کە لەسەر بنەمای ترس، سڕینەوە، وەک یەککردنی زۆرەملێ و خۆسەپاندن بینا بکرێ، مەحکووم بە شکسستە. داهاتووی ئێران لە ڕێگەی لەشکەرکێشی بۆ ناوچەی نیشتەجێبوونی نەتەوەکانی دیکە و سەپاندنی ئیرادەی ناوەند بۆ سەر دەروبەر تێناپەڕێ. هەڕەشە لە هەر نەتەوەیەک، هەڕەشە لە هەموو نەتەوەکانە. ئێمە نەتەوە ستەملێکراوەکان بەرگری لە مافی گشتیی خۆمان دەکەین و یەکگرتووین. هەر بەو چەشنەی کە ڕێژیمی پەهلەوی و دواتر کۆماری ئیسلامی سەرەڕای سەرکوتی بەربڵاو نەیانتوانی ئیرادەی نەتەوەی کورد و باقی نەتەوەکانی ئێران تێک بشکێنن، لە سەدەی ٢١یشدا هیچ هێزیک ناتوانێ بە کەرەستەی نیزامی، ئیرادەی سیاسیی نەتەوەکان بکوژێنێتەوە.
کۆنگرە لە کۆتاییدا باسی لەوە کردووە کە تەنیا ڕێگا، بەشداریی هەموو نەتەوەکان لە دیاریکردنی چارەنووسی هاوبەشە کە ئەتوانێ ئێرانێکی ئازاد، دێموکراتیک و لەسەر بنەمای دادپەروەری بونیات بنێ.