کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیشمەتوڵڵا تەبەرزەدی هەوڵی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێرانی بەرز نرخاند

16:34 - 7 رەشەمه 2725

حیشمەتوڵڵا تەبەرزەدی بەندکراوی سیاسیی خەڵکی گوڵپایەگانی ئێسفەهان لە بەندیخانەوە و لە فایلێکی دەنگیدا، پشتیوانیی لە هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران کرد و ئەمەی بە کارێکی گەورە، ئەرێنی و شوێندانەر ناو برد.

لەو فایلە دەنگییەدا حیشمەتوڵڵا تەبەرزەدی دەڵێت: "زۆر خۆشحاڵم کە حیزبەکانی کوردستان هاوپەیمانییان پێک هێناوە، کارێکی زۆر شوێندانەرە و ئەو حیزبانە خاوەن جێگە و پێگەن و دەیان ساڵە کاری ڕێکخراوەیی و تەشکیلاتی دەکەن".

تەبەرزەدی باسی لەوە کرد کە "هیوادارم نەتەوەکانی دیکەی ئێران ئەم هاوپەیمانییە وەک نموونەیەکی ئەرێنی چاو لێ بکەن".

ئەو بەندکراوە سیاسییە هەروەها هیوای خواست کە حیزبە کوردستانییەکانی ئەندام لە هاوپەیمانی لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی ئێراندا، هاوپەیمانییەکی بەرینتر پێک بێنن.

تەبەرزەدی وتیشی: "ئەمڕۆ لە نێوخۆی ئێراندا هەندێک جموجۆڵ و لەوانەش بزووتنەوەی خوێندکاری هەیە، کە پێویستی بە پشتیوانی و هاوپێوەندیی هەمەلایەنەی نەتەوەکانی ئێران هەیە".

ناوبراو هەروەها وتی: "ئەگەر لە ئێراندا پلۆرالیزم بە فەرمی بناسرێت، دەبێت فێدراڵیزم جێگیر ببێت و ئەگەر فێدراڵیزم جێگیر نەبێت، فرەنەتەوەیی بوون، فرەچەشنی و دێموکراسی پێک نایەت".

حیشمەتوڵڵا تەبەرزەدی ئاماژەی بەوە کرد کە "لە کاتێکدا حکوومەتی ناوەندی ڕۆژ بە ڕۆژ چەقبەستووتر و ناوەندگەراتر دەبێت و بەرەو پاوازخوازیی زیاتر دەڕوات، دەبێت ئەو پێکهاتە بڕووخێت و دەسەڵاتەکەی لەنێو نەتەوە و هەرێمەکاندا دابەش بکرێت".

ناوبراو وتیشی: "من بە داخەوەم کە هەمووکات ناوەندگەراکان بابەتی دێموکراسی، فێدرالیزم و پلۆرالیزم لەگەڵ بابەتی جوداییخوازی تێکەڵ دەکەن و ئەم بیرکردنەوانە تەنیا بۆ خۆڵ لە چاوی خەڵک کردنە".

لە کۆتاییدا ئەو بەندکراوە سیاسییە وتی: "من دڵنیام لەوەی ئەو هاوڕێیانەی کە لە حیزبە کوردستانییەکان دەیانناسم، هەوڵ دەدەن نموونەیەکی سەرکەوتوو بن بۆ یەکگرتوویی و جێگیرکردنی دێموکراسی، فێدراڵیزم و پێشکەوتن لە ئێران و هەر واش دەبێت".

 هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران ڕۆژی یەکشەممە ٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ لەلایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، پارتی ئازادیی کوردستان، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان و سازمانی خەباتی کوردستانی ئێرانەوە بە فەرمی ڕاگەیەندرا و چالاکییەکانی دەست پێکرد.