ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی رێبەندانی ١٤٠٤ (١/٢/٢٠٢٦)، خۆپیشاندانێک لە ئۆسلۆی پایتەختی وڵاتی نۆروێژ بۆ پشتیوانی لە ڕۆژاوای کوردستان و پشتیوانی لە خۆپیشاندەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەڕێوە چوو.
خۆپیشاندانەکە لەلایەن ژمارەیەک لاوی چالاکی هەر چوارپارچەی کوردستان و بە هاوکاریی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی هەرچوارپارچەی کوردستان ڕێک خرابوو. ژمارەی بەشداربووانی خۆپیشاندانەکە نزیکەی ٦٠٠٠ خۆپیشاندەر بوو کە پێکهاتبوو لە کوردانی هەر چوارپارچەی کوردستان و ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتیی بەڕەگەز نۆروێژی و دۆستی کورد.
لە دەستپێکدا یەک خولەک بێدەنگی بۆ ڕیزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان ڕاگەیەندرا.
پاشان هونەرمەند شێرکۆ مەریوانی سروودی نیشتمانی ئەی ڕەقیبی پێشکەش بە بەشداربووان کرد.
پاش وتنەوەی چەند دروشمێک بۆ پشتیوانی لە سەرهەڵدانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەرخودانی ڕۆژاوا شۆڕش ئوستادی پەیامی ڕێکخراوی مرۆڤی و خێرخوازی کوردستانی پێشکەش کرد. هونەرمەند وڵات کۆبانی چەند سرودێکی شۆڕشگێڕی پێشکەش کرد.
شایانی باسە کە ژمارەیەک پارلەمانتاری پارلەمانی نۆروێژ بە پەیامی پشتیوانی لە خۆپیشاندەرانی ڕۆژهەڵات و بەرخودانی ڕۆژاوایان پێشکەش کرد کە بریتی بوون لە ماریان حوسەین سەر بە پارتی سۆسیالیست، بیۆرنار موکسنێس سەر بە پارتی چەپ، تۆنیە برێننا سەر بە پارتی کرێکاران، ئاریل هەرمستاد سەر بە پارتی سەوز.
بۆ پشتیوانی لە خۆپیشاندەران پارلەمانتاری بە ڕەچەڵەک کورد مانی حوسەینی بەشداری خۆپیشاندانەکە بوو.
پەیامی ڕۆژاوای کوردستان لەلایەن هەڤاڵ زیلان و پەیامی شەش پارتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن لانە یارحوسەینی پێشکەش کرا.
لە کۆتایی خۆپێشاندانەکە ژمارەیەک هونەرمەندی کوردی هەرچوارپارچە بە سروودی شۆڕشگێڕی بەشداری خۆپێشاندانەکەیان کرد کە پێك هاتبوون لە هونەرمەندان سامان بەکر، شێرکۆ مەریوانی، ژینۆ، دیهاڤ و کاوە فەتحی.