ڕاگەیاندنی هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران شەپۆلێکی گەورەی پشتگیریی جەماوەریی لێ کەوتەوە و پشتیوانی هەراوی ڕەوت و کەسایەتییە سیاسییەکانی بە دووی خۆیدا هێنا. لەلایەکی دیکەوە، کۆماری ئیسلامی و ژمارەیەکی کەم لە هاوبیرەکانیان بە گومان و بۆچوونی خۆیان هەوڵیان دا ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە و دژ بە ئەم هاوپەیمانییە و بڵاوبوونەوەی پشتگیری بۆی، لەسەر دەنگی «جیابوونەوەخوازی» بدەن.
هەروەها ڕاگەیاندنی پشتگیری و هاودەنگی لە ئازەربایجانەوە هەتا بلوچستان، لە ئەهوازەوە هەتا تورکمنسەحرا و گیلان لە هەڵوێستەکانی ئەم هاوپەیمانییە، ئەوەی دەرخست کە سەردەمی تۆمەتبەشینەوە و بەکاربردنی بەرچەسپە کۆن و هەمیشەییەکان بۆ سەرکوتکردنی داواکارییە ڕەوا و دێموکراتیکەکان بەسەر چووە.
بۆیە وێڕای سوپاس و پێزانین بۆ هەموو ئەو خۆشەویستانەی پشتگیریی ئەم یەکگرتن و هاوپشتییەیان کردووە، جارێکی تر ڕادەگەیەنین ئەم هاوپەیمانییە بە مەبەستی دابڕان و دابەشکردنی ئێران پێکنەهاتووە، بەڵکووئامانجەکەی بەدەستهێنانی مافەکانی نەتەوەی کوردە لە چوارچێوەی جوغرافیای ئێرانێکی دێموکراتیک و ناناوەندا.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران
٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ (٢٧/٢/٢٠٢٦)