رۆژی شەممە ١١ی ڕێنەندانی ١٤٠٤(٣١/١/٢٠٢٦) لەلایەن بەرێزان د.کوێستان گادانی بەرپرسی ناوەندی بەرێوەبەری حیزب لە دەرەوەی وڵات و د.جەواد دانش پژو بەرپرسی تەشکیلاتی حیزب لە دەرەوەی وڵات و بە هاوکاریی بەشی تەشکیلات کاک ئاگری ئیسماعیلنژاد سێمینارێکی تەشکیلاتی بۆ ئەندامان و لایەنگرانی حیزب بەرێوە چوو.
سەرەتای سێمینارەکە بە پێشکەشکردنی سروودی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان و بەتایبەت شەهیدانی سەرهەڵدانی کوردستان و ئێران و ڕۆژاوای کوردستان دەستی پێ کرد .
پاشان لەلایەن بەڕێز کاک بێهروز دەلی بەرپرسی تەشکیلاتی کۆمیتەی حیزبەوە بەخێر هاتنی هەموو بەشداربووان کرا.
بەشی یەکەمی سێمینارەکە تەرخان کرابوو بۆ پێشکەشکردنی باسێکی سیاسیی گشتی لەسەر هەلومەرجی ئێستای ئێران و کوردستان و نێرین و ڕوانگەی حیزب بەنسبەت رووداوەکانی ناوچە کە لەلایەن بەرێز د.کوێستانەوە پێشکەش کرا .
بەڕێزیان سەرەتا سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆی بۆ شەهیدانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییە بەتایبەت لە پاڕێزگاکانی کرماشان، ئیلام و لۆڕستان دەربڕی.
د.کوێستان لە باسەکەیدا دەربارەی ئامادەیی حیزب بۆ پێشهاتەکان وتی: "ئێمە وەک حیزبی دێموکرات بەرامبەر بە هەموو ئەگەرێک پێویستە ئامادە بین. ئێمە وەک کورد و ئەحزابی سیاسی دەبێت هەلەکان بقۆزینەوە و خۆ بۆ ئەگەرەکان ئامادە بکەین.
لە دوایین پلۆنۆمەکانی حیزبی (پێنجەم و شەشەم ) لەسەر ئەم بابەتانە بڕیار دراوە و دەبێت خۆ بۆ هەموو ئەگەر و سێناریۆکان ئامادە بکەین".
بەرێز گادانی لە درێژەی باسەکەیدا باسی لە بە تێڕۆڕیست ناساندنی سپای پاسداران لەلایەن وڵاتانی ئورووپایی و دەور و ڕۆڵی سپای پاسداران لە ئابووریی ئێراندا کرد، ئەوەیکە ئەم بابەتە و ڕووخانی ئابووریی ئێران یەک لە هۆکارەکانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەی ئێران بووە و ئەگەر ڕێژیم بە هێرشی دەرەکی نەڕووخی درەنگ یا زوو بەهۆی ناڕەزاییەتییەکانی نێوخۆیی دەڕووخێ و لێرەدا بۆ دوای ئەم ئەگەرانە بەشی دیپڵۆماسیی حیزب ڕۆڵی خۆی دەبینێت و دەبێ متمانەسازی بکات تا جیهانی دەرەوە بێتە سەرخەت و متمانە بە ئێمە بکات بۆ دواڕۆژ و هاوکات دەبێ یەکگرتووییمان هەبێت و پێشتر ناوەندی هاوکاریمان بوو و ئێستا ناوەندی دیالۆگمان هەیەو پێویستە بەرامبەر ناوەند هاودەنگ بین».
هەروەها بەرێزیان باسی لە یادی هەشتا ساڵەی دامەزراندی کۆماری کوردستان کرد و لە درێژەدا باسی لە سەربەخۆیی بڕیاردان وەک خاڵی ئەساسی لە نێو حیزبی دێموکراتدا کرد.
لە بەشی دووهەمدا بەڕێز د.جەواد دانشپەژوو باسی لەوەی کرد ئامانجی ئێمە داکۆکیکردن لە مافەکانی نەتەوەکەمانە و بۆ گەیشتن بەم ئامانجە دەبێ کاری ڕێکخراوەیی بکرێت.
نابراو باسی دیسیپلینی حیزبیی کرد و پۆتانسییەلێک کە حیزبی دێموکڕات بۆ ڕێکخستن هەیەتی.
بەڕێزیان هەروەها باسی لە گرنگیدان بە لاوان، توانایی ژنان و هەروەها دروست بەکارهێنانی سۆشیالمیدیا و پەروەردەی سیاسی کرد.
لە کۆتاییدا بەشداربووان پرسیار و بۆچوونی خۆیان خستە بەرباس و لەلایەن بەڕێزانی ئەندامی ڕێبەرییەوە وڵام درانەوە.