ئەنجومەنی سینەماکارانی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا هەر جۆرە هەڕەشەیەک لە دژی گەلی کورد و خاکی کوردستانی بە توندی مەحکووم کرد و لەبارەی هەڕەشەکانی ڕەزا پەهلەوییەوە دژکردەوەی توندی نیشان دا.
لە بەشێکی ئەو بەیاننامەدا هاتووە کە "ئەو هەڕەشانە درێژەدەری هەمان بیرۆکەیە کە چەندین دەیەیە، کوردستان و گەلی کوردیان پێ سەرکوت کردووە ".
لە بەشێکی ئەو بەیاننامەدا نووسراوە: "ئەزموونی مێژوویی نیشان دەدات کە زمانی جیهاد و سەرکوت پێشتریش لەلایەن ڕێژیمی تارانەوە دژی کوردستان گیرایە بەر و نەک هەر کێشەکان چارەسەر نەکران، بەڵکوو کەلێنەکانی قووڵتر و بازنەی توندوتیژییەکانی زیاتر پەرە پێ دا.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە حیزبەکانی کوردستان لەنێو دڵی کۆمەڵگەی کورد و خاوەن ئیرادە و داخوازیی مێژوویی گەلی کوردن و لەنێو خەڵکی خۆیاندا ڕەواییان وەرگرتووە.
لە کۆتایی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە ئێمە وەکوو سینەماکارانی سەربەخۆی کوردستان پێداگریی لەسەر گرنگیی وتووێژ، بەفەرمیناسینی مافی نەتەوەیی و فەرهەنگی و وەلانانی سەرکوت دەکەینەوە.