هەواڵدەریی فارسی ڕێژیم لە درێژەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئامانجەکانی لە ئێران ڕایگەیاند کە لە شارەکانی قوم، ئێسفەهان، کەرەج و کرماشانیش دەنگی تەقینەوە بیستراوە.
هەواڵدەریی تەسنیمیش هاوکات باسی لە بیسترانی دەنگی تەقینەوە لە خوڕماوا کردووە.
بە وتەی بەرپرسانی ڕێژیم لە ناوچەکانی ڕۆژاوا، ڕۆژهەڵات و ناوەندی تاران تەقینەوەی بەهێز هەبووە.
هەتا ئێستا بەپێێ زانیارییە بڵاوکراوەکان، وەزارەتی ئیتلاعات، وەزارەتی بەرگری، بەیتی ڕێبەریی ڕێژیم، ئاژانسی وزەی ناوکی و پارچین کراونەتە ئامانج.
هەواڵدەریی ڕۆیتێرزیش ڕایگەیاندووە کە چەند وەزارەتخانە لە باشووری تاران کراونەتە ئامانج.
ڕۆژنامەی ئیسرائیلیی یەدیعوت ئاحارۆنۆت، سەبارەت بە شەپۆلی نوێی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ڕایگەیاندووە کە ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی نیزامی و حکوومەتیی ئێران کراونەتە ئامانج.
ئەم ڕۆژنامەیە هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە هەر مووشەکێکی ئیسرائیل ڕوو لە ئێران، ئادرەسی دیاریکراوی هەبووە.