لەگەڵ توندبوونەوەی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەوڵەتانی ئورووپایی و ڕۆژاواییەکان داوایان لە هاوڵاتییانی خۆیان کردووە کە ئێران بەجێ بهێڵن.
وەزارەتی دەرەوەی ئیتالیا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هۆشدارییەکانی پێشوو، جەختی لە چوونەدەرەوەی هاوڵاتییانی لە ئێران و گرتنەبەری وریایی لە سەرانسەری ناوچەکەدا کردەوە.
یوونان و لەهستانیش ڕاسپاردەی هاوشێوەیان بڵاو کردووەتەوە و هۆشدارییان لە ئەگەری داخرانی ئاسمانی ناوچەکە داوە.
وەزارەتی دەرەوەی فەرانسە سەبارەت بە سەفەر بۆ ئیسرائیل و کەناری ڕۆژاوا و ئورشەلیم هۆشداریی دا و داوای لە هاوڵاتییانی کرد وریایی زیاتر بنوێنن.
هاوکات کانادا، کۆرەی باشوور، سوید، سێربێستان، هێند، ئاڵمان و ئوسترالیاش جەختیان لە بەجێهێشتنی دەستبەجێی ئێران کردووەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، بەهۆی پەرەسەندنی گرژییەکان، بریتانیا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە کارمەندەکانی خۆی بەشێوەی کاتی لە ئێران بردووەتە دەرەوە.
هەر لەو پەیوەندییدا، فڕینی فڕۆکەکانی تورکیش ئەیرلاین لە ئێستانبوڵەوە بۆ تاران هەڵوەشێندرانەوە.