کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل هۆشدارییەکی بەپەلە دەداتە هاووڵاتییانی ئێران؛ لە بنکە سەربازییەکان دوور بکەونەوە

19:06 - 9 رەشەمه 2725

لە نوێترین پێشهاتدا و لەگەڵ دەستپێکردنەوەی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل، دەوڵەتی ئیسرائیل هۆشدارییەکی توند و بەپەلە ئاراستەی هاووڵاتییانی ئێران دەکات. لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا داوا لە دانیشتووانی ئێران کراوە کە بە هیچ شێوەیەک لە دەوروبەری ناوەندە سەربازییەکان و ژێرخانە بەرگرییەکانی وڵاتەکەیان نەمێننەوە.

بەپێی دەقی بەیاننامەکە، ئیسرائیل داوای لەو کەسانە کردووە کە لە ناوەوە یان لە نزیک کارگەکانی پیشەسازیی سەربازی و دامەزراوە ستراتیژییەکانن، بۆ پاراستنی گیانیان، دەستبەجێ ئەو ناوچانە چۆل بکەن.

لە بەشێکی پەیامەکەدا کە ئاراستەی خەڵکی مەدەنی کراوە، هاتووە: "ئێوە لە نزیک چەک و دامەزراوەگەلێکی زۆر مەترسیداردان. هاووڵاتییانی خۆشەویست، لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەلامەتیی خۆتان، داواتان لێ دەکەین بە زووترین کات لەم شوێنانە دوور بکەونەوە و تا بڵاوکردنەوەی ئاگاداریی نوێ، نەگەڕێنەوە بۆ ئەو ناوچانە."

لایەنی ئیسرائیلی جەختی لەوە کردووەتەوە کە مانەوەی هاووڵاتییان لە نزیک ئەو بنکە و دامەزراوە سەربازییانە، مەترسییەکی ڕاستەوخۆ و جدی لەسەر ژیانیان دروست دەکات.