کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چۆن ڕێ لە دووپاتبوونەوەی تاوانی دژی مرۆڤایەتی بگرین؟

19:23 - 13 رێبەندان 2725

عومەر باڵەکی

جینایەت دژی مرۆڤایەتی بەو تاوانانە دەگوترێ کە بایەخ و کەرامەتی ئینسانی و مرۆڤایەتی لە بواری جەستەیی و دەروونیدا پێشێل دەکەن و زیانی پێ دەگەیەنن. ئەم کردارانە بەپێچەوانەی ئەو ڕێوشوێنانەن کە لە یاسا و ڕێساکانی نێونەتەوەییدا دەستنیشان کراون. ئاسەوار و کاریگەریی ئەم تاوانانە لە چوارچێوەی سنووری دەوڵەتێک دەچێتە دەرێ و دەبێتە هۆکاری نیگەرانیی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی. بە واتەیەکی دیکە، تاوان دژ بە ئینسانییەت و مرۆڤایەتی بۆ بیروڕای گشتیی جیهانی پێشکەوتووی ئێستا، قابیلی قبووڵ نییە.

بەپێی یاسا و بەڵگە نێونەتەوەییەکان، تاوان دژ بە مرۆڤایەتی بریتییە لەو کردار و ڕەفتارە دڕندانەیەی کە لە لایەن دەوڵەتێکەوە، وەک بەشێک لە سیاسەتێکی سازماندراو و بەربڵاو، دژ بە کەسانی غەیرەنیزامی لە سەردەمی شەڕدا پەیڕەو دەکرێ. ئەو کردارانە وەک: کوشتنی بەئەنقەست، لەنێوبردن، دەرکردنی خەڵکی ناوچەیەک بە زەبری هێز، ئەزیەت و ئازاری کۆمەڵێکی دیاریکراو بە هۆکاری سیاسی، ڕەگەزی، نەتەوەیی، فەرهەنگی، مەزهەبی و ئایینی و... هتد، لەخۆ دەگرێ.

نەتەوەی کورد یەکێک لەو نەتەوانەی سەر گۆی زەوییە کە لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا، لە بەرچاوی دنیای پێشکەوتوو و مۆدێرندا و بێ پرس و ڕای کورد، هەم خاکەکەی بەسەر چوار دەوڵەتدا دابەش کراوە و هەم لە تەواوی مافە ئینسانی و نەتەوایەتییەکانی خۆی بێبەش کراوە. هەر کاتێکیش لە ماوەی ئەو سەد ساڵەدا، لە هەر پارچەیەک لە کوردستاندا کورد باسی لە مافەکانی خۆی کردبێ، بە توندترین شێوە سەرکوت کراوە. زۆرجارانیش ئەو سەرکوتکردنە سنووری تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتیی بڕیوە، بەڵام بەداخەوە کۆمەڵگەی جیهانی سەرەڕای بوونی ئەو هەموو قانوون و یاسا و ڕێسا نێونەتەوەییانە، لە ئاست ئەو تاوانانەدا بێدەنگیی هەڵبژاردووە.

ئەگەر بێدەنگیی کۆمەڵگەی جیهانی بەشێکی بگێڕینەوە بۆ سات و سەودای نێونەتەوەیی و بەرژەوەندیی ئابووری و سیاسیی دەوڵەتە زلهێزەکان، ئەوا بەشێکی گرنگی ئەو بایەخ‌پێنەدانەی جیهان بە پاکتاوکردنی ڕەگەزی و تاوانی دژی مرۆڤایەتی دەرحەق بە گەلی کورد، دەگەڕێتەوە بۆ کەمتەرخەمیی کۆمەڵگەی کوردستان بەگشتی و حیزب و لایەنە سیاسی و خەباتکارانی گەلی کورد بەتایبەتی. هەتا ئێستا، دوای ئەو هەموو خوێن و قوربانیدانەی بۆ وەدیهێنانی مافە نەتەوایەتییەکان دراوە، نەتوانراوە هاوپێوەندییەکی نەتەوەیی کورد لە ئاستی هەر چوار پارچەی کوردستاندا پێک بهێنرێ کە لانیکەم بەرهەمەکەی ببێتە ناوەندێک لە دنیای دەرەوە و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی، تا بتوانێ لە بواری قانوونییەوە پرسی کوشتاری بەکۆمەڵ و بەرنامە بۆ داڕێژراوی دەوڵەتانی زاڵ بەسەر کوردستاندا بووروژێنێ و بیگەیەنێ بە گوێی کۆمەڵگەی جیهانیدا.

بە چاوخشاندن بە مێژووی ئەو سەد ساڵەی کوردستاندا دەبینین گەلی کورد لەو ماوە زەمەنییەدا تووشی دەیان و سەدان کارەسات و نەهامەتی و کاولکاری و کوشتار و بڕین هاتووە؛ لەنێو ئەوانەدا هەندێک کارەسات هەن کە بەتەواوی دەچنە خانەی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، چونکە توخمی ماددی و مەعنەویی تاوانی دژە مرۆڤایەتییان تێدایە. بە بوونی ناوەندێکی قانوونی و یاسایی کوردی لە کۆمەڵگەی جیهانیدا، ڕەنگە بتوانرێ سکاڵا دژی ئەو دەوڵەتانەی کە تاوانەکانیان ئەنجام داوە لە دادگا نێونەتەوەییەکاندا تۆمار بکرێ. ڕەنگە بگوترێ بەهۆی هەندێک ڕێوشوێنی نێونەتەوەیی، سکاڵای ئاوا لە لایەن ناوەندە دادوەرییە نێونەتەوەییەکانەوە وەرناگیرێ، بەڵام نەفسی جووڵاندنی سکاڵاکە و بەدۆکیۆمێنتکردنی قانوونی، خۆی دەتوانێ ببێتە لەمپەرێک بۆ ئەوەی ئەو دەوڵەتانە لە دواڕۆژدا بە پارێزەوە دەست بۆ تاوانی ئاوا گەورە بەرن و هەست بکەن درەنگ یا زوو دەبێ لە بەرانبەر تاوانەکانیاندا وەڵامدەر بن.

لێرەدا چەند نموونەیەک لەو تاوانانە باس دەکەین کە لە بواری ئامانج و نێوەڕۆکەوە وەک یەکن؛ سەرەڕای ئەوەی کە لە سەردەمی جیاوازدا، لە لایەن سێ دەوڵەتەوە لە سێ وڵاتی جیاوازدا دژ بە نەتەوەی کورد بەڕێوە چوون، مەبەستیان لەو تاوانانە قڕکردن، لاوازکردن و تواندنەوەی گەلی کورد بووە؛ واتە هەر سێ دەوڵەتەکە سەرەڕای جیاوازیی ڕیشەیی و دنیابینییان بۆ ئیدارەدانی وڵات، لەسەر قڕکردن و لەنێوبردنی گەلی کورد بێ‌دوودڵی کۆک بوون و یارمەتیی یەکتریان داوە.

ـ لە ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویدا کاتێک ڕێژیمی پاشایەتی ڕووخا و بە جێگای ئەو خومەینی و دارودەستەکەی، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییان دامەزراند، تەنیا دوای چەند مانگ لە هاتنەسەر دەسەڵاتی نیزامی کۆماری ئیسلامی، بە حوکمی خومەینی شەڕ لەژێر ناوی جیهاد بەسەر کوردستان و گەلی کورددا سەپا. جیهاد حوکمێکی مەزهەبی و دینییە، واتە شەڕ لەپێناوی خودادا؛ بەو مانایەی کە ڕشتنی خوێنی بەرانبەرەکە بە هەر ڕێگایەک بێ، حەڵاڵە. ئەو فەرمانەی خومەینی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تاوانی گەورەی لێ کەوتەوە و بەدەیان گوند لە لایەن سپای کۆماری ئیسلامییەوە خاپوور و سووتێندران، خەڵکەکەیان ئاوارە و دەربەدەر بوون و لە چەند گونددا کوشتاری بەکۆمەڵ ئەنجام درا. ئەو کوشتار و شەڕە دژ بە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ماوەی ٤٧ ساڵە بەردەوامە و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژیش تاوانەکانی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستاندا ڕوو لە زیادبوونە. هەروەک دەبینین بەدوای ناڕەزایەتییەکانی گەلانی ئێران لە مانگی بەفرانباری ئەمساڵدا، دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ مانەوەی خۆیان لەسەر کورسیی دەسەڵات، بە جێگای وەڵامدانەوە بە داواکارییەکانی خەڵک، دەستیان داوەتە کوشتارێکی بەربەرین لە خەڵکی ناڕازیی سەر شەقامەکانی ئێران و کوردستان؛ بەپێی ڕێژەی حەشیمەت، دیسان بەشی شێر لەو کوشتارە مەغۆل‌ئاساییەدا بەر گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەوتووە.  

ـ لە نێوان ساڵەکانی ١٣٦٧ و ١٣٦٨ی هەتاویدا، ڕێژیمی بەعسی عێراق شاڵاوێکی بەربەرینی نیزامیی دژ بە کورد لەژێر ناوی "ئەنفال" (کە لە سوورەتێکی قورئان وەرگیراوە) ئەنجام دا. لەو سوورەتەدا باس لە ئەرکی موسوڵمانان دژ بە کافران دەکرێ کە کوشتاری گەلی کوردی لە باشووری کوردستاندا پێ حەڵاڵ کرا. ئەو فەرمانەی دەوڵەتی بەعسی عێراق، لە ڕاستیدا دەستی سپای عێراقی ئاوەڵا کرد بۆ کوشتاری بەکۆمەڵی گەلی کورد لە باشووری کوردستاندا؛ بێجگە لە کیمیابارانی شاری هەڵەبجە، بەپێی ئامارەکان زیاتر لە سەد و هەشتا هەزار کورد لە منداڵ و پیر و لاو و ژن و پیاو، دوور لە زێدی خۆیان زیندەبەچاڵ کران. حکوومەتی بەعس هەر بەوەندەش ڕانەوەستا، بەڵکوو کەوتنە گیانی سروشتی کوردستان و بە هەزاران گوند و شار و شارۆچکەیان لەگەڵ زەوی تەخت کرد؛ واتە چەندیان لەدەست هات کاولکارییان کرد و باشووری کوردستانیان شێواند.

ـ لە ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٤ی هەتاویدا سپای عەرەبی سووریە، کە دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد بە پاڵپشتیی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بوونە حاکمی کاتیی سووریە، هێشتا جێگای خۆیان گەرم نەکردووە بەگژ گەلی کورد لە ڕۆژاوای کوردستاندا هاتوونەتەوە. ئەو دەسەڵاتە نوێیەش هەر قەوانە کۆنەکەی کۆماری ئیسلامی و ڕێژیمی بەعسی عێراق لێ دەداتەوە و لە هەستی مەزهەبی و دینیی لایەنگرانی خۆیان کەڵک وەردەگرن؛ دووبارە لەژێر سوورەتی ئەنفالدا هێرش بۆ سەر کوردستان و ڕشتنی خوێن و بە دیل گرتن و تاڵانکردنی ماڵ و حاڵی کورد بە حەڵاڵ دادەنێن.  

ئەو سێ کارەساتەی کە لە سەرەوە باس کران، تەنیا نموونەیەکی بچووکن لەو هەموو غەدر و تاوانانەی دەسەڵاتدارانی ئەو چوار دەوڵەتەی زاڵ بەسەر کوردستاندا کە بەدرێژایی ئەو سەد ساڵە بەسەر نەتەوەی کوردیان هێناوە. بەڵام دەبینین لە ماوەی ئەو سەد ساڵەدا، هەرچەندە زوڵم و غەدری ئەو دەوڵەتانە دەرحەق بە نەتەوەی کورد ڕووی لە زیادبوون کردووە، بەو ڕادەیەش هەستی نەتەوایەتی و بەرپرسیارەتی لەنێو تاک و کۆی کۆمەڵگەی کوردستاندا گەشەی کردووە. بەچەشنێک دەبینین لە کاتی کارەساتە گەورەکاندا یا سەرکەوتنی مەزنی نەتەوەییدا، سنوورەکان مانای خۆیان لەدەست دەدەن و کۆمەڵگەی کورد وەک یەک نەتەوە دەبنە پاڵپشتی یەکتر؛ هاوپێوەندیی نەتەوەیی لە هەرە پلەی بەرزی خۆیدا دەردەکەوێ و لە خۆشی و ناخۆشیدا دەبن بەیەک. لێرەدا پێویست بە وەبیرهێنانەوەیە کە ڕێکخراو و ئەحزابی سیاسی و کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕاگەیاندن لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا، دەبێ بە هوشیارانە و لە ڕاستای پرسە نیشتمانی و نەتەوەیییەکاندا هەڵسوکەوت بکەن و هەر هەنگاوێک کە هەڵی دەگرن، دەبێ بۆ بەهێزکردنی هاوپێوەندیی نەتەوەیی بێ. چونکە ڕووداوەکانی سەد ساڵی ڕابردوو لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا پێمان دەڵێن دۆستەکانمان کاتین و بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان لەگەڵمان دەبن و هەر کاتێک بەرژەوەندییان بخوازێ پشتمان چۆڵ دەکەن. بۆیە پێویستە کورد لە پێشدا نێوخۆی خۆی ڕێک بخا و کار لەسەر بەرژەوەندییە نەتەوایەتییەکان بکا و هاوپێوەندیی نەتەوەیی لەنێو هەر چوار پارچەی کوردستاندا بەهێز بکا.

دەبێ هەموو تاکێکی کورد ئەوەی لە بیر بێ کە هەر سێک ئەو نموونانەی غەدر و زوڵم دەرحەق بە کوردستان و کورد کە لە سەرەوە باس کران، سەرەڕای ئەوەی لە سەردەم و جوگرافیای جیاوازدا ڕوویان داوە، بەڵام یەک ئامانجیان هەبووە و هەیە، ئەویش قڕکردن و لەنێوبردنی گەلی کوردە. بەپێی هەموو قانوونە نێونەتەوەییەکان، ئەو ڕەفتار و کردارانەی دەوڵەتانی زاڵ بەسەر کوردستاندا دەچنە خانەی تاوانی دژە مرۆڤایەتی. حەق وایە و کاتی هاتووە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بۆ جارێکیش بێ، هەڵەی سەدساڵەی خۆی ڕاست بکاتەوە و ئاوڕ لە نەتەوەیەکی زیاتر لە چل ملیۆنی بداتەوە و مافە نەتەوایەتی و سیاسییەکان بە نەتەوەی کورد ڕەوا ببینێ. بەڵام بەپێی ئەزموون و خوێندنەوە بۆ جیهانی ئێستا، دەبێ هێزی نێوخۆیی خۆت هەبێ هەتا خەڵکی دیکە حیسابت بۆ بکەن؛ ئەو هەبوونەش تەنیا بە یەکگرتوویی و لێک‌تێگەیشتنی هەموو لایەنە سیاسییەکانی مەیدانی خەباتی مافخوازانەی نەتەوەی کورد دەستەبەر دەبێ.