کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاران نیگەرانی سەرهەڵدانی دووبارەی خەڵک لە ئاکامی هێرشی ئەمریکایە

10:48 - 14 رێبەندان 2725

هەواڵدێری "ڕۆیتێرز" لە زاری چەندین بەرپرسی ئێستا و پێشووی کۆماری ئیسلامییەوە ڕایگەیاند کە تاران نیگەرانە کە هێرشی ئەمریکا، تووڕەیی گشتی بەهۆی سەرکوتی خوێناویی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار جارێکی دیکە بهێنێتەوە سەر شەقامەکان و مانەوەی ڕێژیم بخاتە مەترسییەوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە کە ڕۆژی دووشەممە ١٣ی ڕێبەندان بڵاو بووەتەوە، لە کۆبوونەوەکانی ئاستی باڵا بە ڕێبەری ڕێژیم وتراوە کە تووڕەیی خەڵک گەیشتووەتە ئاستێک کە ئیتر کەس ناترسێت و زۆربەی خەڵک ئامادەی ڕووبەڕووبوونەوەی نوێ لەگەڵ هێزە نەمنییەتییەکانن.

بەرپرسانی ڕێژیم هۆشدارییان داوە کە هێرشێکی بچووکی ئەمریکا دەتوانێت ببێتە هۆی بوێری زیاتری ناڕازییان و خەسارێکی قەرەبوونەکراو لە پێکهاتەی سیاسیی کۆماری ئیسلامی بدات.

یەکێک لە بەرپرسانی ڕێژیم بە ڕۆیتێرزی وتووە: "هێرشی دەرەکی وێڕای خۆپیشاندانی خەڵکی تووڕە دەتوانێت ببێتە هۆی ڕووخانی نیزام و ئەوە گەورەترین نیگەرانی بەرپرسانی باڵایە".

ڕۆیتێرز هەروەها لە زاری بەرپرسێکی پێشووی ڕێژیم نووسی: "دیواری ترس ڕووخاوە و ئیتر هیچ ترسێک بوونی نەماوە".

لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەکانی ڕۆیتێرز جارێکی دیکە هەڕەشەیان لە خەڵک کردووە و وتوویانە کە لە ئەگەری سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکان هاوکات لەگەڵ هێرشی ئەمریکا، حکوومەت بەشێوەیەکی توندتر ناڕازییان سەرکوت دەکات و ئاکامەکەی دەبێتە "حەمامی خوێن".

ئەو قسانەی بەرپرسانی ڕێژیم نیشانەی ترسی قووڵی کۆماری ئیسلامی لە هاوکاتبوونی گوشاری دەرەکی و تووڕەیی نێوخۆییە و هەر چەشنە هێرشێکی نیزامی، ئەو ڕێژیمە تا لێواری ڕووخان دەبات.