کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

توندتربوونی هەڕەشەکانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتانی ناوچە

10:53 - 14 رێبەندان 2725

لەکاتێکدا گرژییە سیاسی و نیزامییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوو لە زیادبوونە، بەرپرسانی نیزامیی کۆماری ئیسلامی هاوتەریب لەگەڵ هەڕەشەکانی ڕێبەری ڕێژیم، هەڕەشەی پەرەسەندنی شەڕ بۆ هەموو ناوچەکە دەکەن.

کەیۆمەرس حەیدەری، جێگری فەرماندەیی قەرارگای خاتەمولئەنبیا لە درێژەی هەڕەشەکانی خۆیاندا وتی: "ئەگەر ئەمریکا ئەمنییەتی ئێمە تووشی مەترسی بکات، خاڵێکی ئەمن لە ناوچە بۆ ئەمریکا، ئیسرائیل و وڵاتانی هاوپەیمانیان نامێنێ".

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا هەڕەشەی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد و وتی کە "هەرگیز قەبووڵ ناکەین کە ئێمە ئەمنییەتمان نەبێت بەڵام ئەو ناوچەیە لە ئەمنییەتدا بێت".

ئەو بەرپرسە نیزامییەی ڕێژیم هەروەها سەرەڕای هەڕەشە لە ئەمریکا، زیادی کرد کە بە قازانجی ئەمریکاییەکانە کە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی عاقڵانە هەڵسوکەوت بکەن، ئەگینا لەگەڵ کردەوەی هێز و پەشیمان‌کەرەوە ڕووبەڕوو دەبنەوە.

ئەو قسانەی جێگری فەرماندەهی قەرارگای خاتەمولئەنبیا لەکاتێکدایە کە عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران چەند ڕۆژ پێشتر هۆشداریی بە وڵاتانی ناوچە دا کە لە ئەگەری شەڕ لەگەڵ ئەمریکا، ئەو شەڕە تەنیا لە سنوورەکانی ئێران نامێنێتەوە.

خامنەیی ڕۆژی یەکشەممە لە چاوپێکەوتن لەگەڵ دەستوپەیوەندییەکانی ڕێژیم وتی: "ئەمریکاییەکان دەبێ بزانن کە ئەگەر شەڕ دەست پێ بکەن، ئەوجارە دەبێتە شەڕێکی ناوچەیی".

ئەو قسانەی بەرپرسانی باڵای ڕێژیم لە ڕۆژانی ڕابردوو جارێکی دیکە دەیسەلمێنێت کە سیاسەتی کۆماری ئیسلامی بە درێژایی مێژووی خۆی، لەسەر پەرەپێدانی ناسەقەمگیری، ئاڵۆزی و شەڕ لە ناوچە و جیهان بنیات نراوە.