هاوکات لەلەڵ پەرەسەندنی گرژییەکان لە نێوان کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا و ئەگەری فراوانی هێرشی نیزامی بۆ سەر ئێران، چەندین تەقینەوەی گەورە لە شارە جیاوازەکانی ئێران ڕوویان دا.
میدیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ڕۆژی شەممە ١١ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، ڕایانگەیاند کە بەهۆی تەقینەوەیەک لەبەندەرعەباس یەک کەس کوژرا و لانیکەم ١٤ کەسی دیکە بریندار بوون.
پارێزگاری هورموزگان لەوبارەوە ڕایگەیاند کە ئەو تەقینەوەیە لە خانوویەکی مەدەنی ڕووی داوە و هیچ پەیوەندی بە بەرپرسانی نیزامییەوە نییە.
بەڵام بەپێی ئەو ڤیدیۆیەی کە لە میدیاکانی ڕێژیمی ئێراندا بڵاو بووەتەوە، کەسێکی نیزامی بە جلی هێزە سەرکوتکەرەکانی ئینتزامی لەو تەقینەوەیە بریندار بووە و بۆ نەخۆشخانە دەگوازرێتەوە.
بەڕێوبەری ئاگرکوژێنەوەی هورموزگان هۆکاری ئەو تەقینەوەی بە "دزەکردنی گاز" ناو بردووە و سپای تێرۆریستیی پاسدارانیش هێرشی دڕۆنی و مووشەکیی بۆ سەر بنکەکانی خۆی ڕەت کردەوە.
ئەوە لەحاڵێکدایە کە بەپێی ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان و بە پێچەوانەی لێدوانی بەرپرسانی ڕێژیم، ئەو بینایە نوێیە و هێشتا گازی بۆ نەکێشراوە.
هەر لەو پەیوەندییەدا و لەهەمان ڕۆژدا، بەهۆی تەقینەوەی خانوویەک لە گەڕەکی کیانشاری ئەهواز، ٥ کەس کوژراون و ٢ کەسی دیکەش بریندار بوون.
جێگری ئەمنییەتی و ئینتزامی پارێزگای خووزستانیش هۆکاری ئەو ڕووداوەی "تەقینەوەی گاز" ڕاگەیاندووە.
هاوکات دووکەڵێکی گەورە بە سەرچاوەیەکی نادیار لە پەرەندی تاران بینرا کە بەرپرسانی ڕێژیم هۆکارەکەیان بۆ ئاگرگرتنەوە لە قامیشەڵانی ئەو ناوچەیە گەڕاندووەتەوە.
لە هەمان ڕۆژدا، ڕووداوێکی هاوشێوە لە قۆم ڕووی دا کە بەرپرسانی ئەو شارە هۆکارەکەیان بۆ سووتانی زبڵ گەڕاندەوە و تەقینەوە لەو شوێنەیان ڕەت کردەوە.
لەحاڵێکدا بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی هەر چەشنە تەقینەوە و هێرشیک لە ڕۆژی شەممە ڕەت دەکەنەوە، بەڵام هاوکاتبوونی ئەو تەقینەوەنانە و پاساوە هاوشێوە و پێشتر بەکارهاتووەکانی بەرپرسانی ڕێژیم، گومانەکان لەسەر بەئەمانجگرتنی دیاریکراو لەو ڕووداوانە زیاتر دەکات.