کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمساڵ ڕێوڕەسمی زەماوەندی پیرشالیار بەڕێوە ناچێت

11:06 - 14 رێبەندان 2725

بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمی زەماوەندی پیرشالیار بە دەرکردنی ئاگادارییەک بۆ ڕای گشتی ڕایانگەیاند کە بە مەبەستی ڕێزگرتن لە گیانی شەهیدانی سەرشەقام لە ڕۆژهەڵات و هاوسۆزی و هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی ئەو شەهیدانە، ڕێوەڕەسمی دێرین و ئایینیی زەماوەندی پیرشالیار لە هەورامان بەڕێوە ناچێت.

بەپێی زانیارییەکان، هەرچەند بەڕێوەبەرانی ئەو ڕێوڕەسمە ئایینییەی کوردستان لەو ئاگادارنامەیەدا هۆکاری هەڵوەشانەوەی ڕێوڕەسمەکەیان بۆ هاوخەمی لەگەڵ کوردانی ڕۆژاوا، نالەباربوونی کەشوهەوا و دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتیی کوردستان گەڕاندووەتەوە، بەڵام هۆکاری سەرەکیی ئەو هەڵوێستە نیشتمانییە، ڕێزگرتن لە گیانبازی و فیداکاریی ڕۆڵەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە ڕەوتی ڕاپەڕینە سەرانسەرییەکانی مانگی بەفەرانباردا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە شەهید کراون.

ڕێوڕەسمی ئایینی و مێژوویی زەماوەندی پیرشالیار هەموو ساڵێک لە نیوەی زستان و ڕۆژی چوارشەممەوە دەست پێ دەکات و سێ ڕۆژ درێژە دەکێشێت و لە بەیانیی ڕۆژی یەکەمەوە ئەو ئاژەڵدارانەی کە دەیانهەوێت ئاژەڵەکانیان بکەنە قوربانی دەیدەن بە قەساب و بەشێک لە گۆشتەکەی وەکوو "تەوڕک" لەنێو خەڵکدا دەبەخشنەوە و بەشێکیشی لەنێو مەزارگەی "پیرشالیار"دا دەکەن بە چێشت.

لەو ڕێوڕەسمەدا مێرمنداڵ و لاو و پیر دەست لەنێو دەستی یەکتر جەزم دەبن و بە کۆبوونەوەی جەستە و دەروون، یەکیەتی و یەکڕەنگییان دەخەنە ڕوو و نمایشی دەکەن و دەروێشەکان دەف لێ دەدەن.

ڕێوڕەسمی "پیرشالیار" لەو ئایینانەیە کە لەلایەک ڕەسەنایەتی و دەوڵەمەندبوونی ئەو ناوچەی هەورامان نیشان دەدات و لەلایەکی دیکەوە دەرفەتێکی تایبەتە بۆ گەشەی پیشەی گەشتیاریی ناوچەکە.