ڕۆژی دووشەممە ١٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، (٢/٢/٢٠٢٦) هەیئەتێک بە نوێنەرایەتیی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە وڵاتی نۆروێژ، پێکهاتوو لە سیروان قادرزادە و دلێر خورشیدی، لەگەڵ هانس ئێدڤارد ئاشێر (Hans Edvard Askjer) ـ ئەندام پەرلەمان سەر بە حیزبی دێموکرات مەسیحی (KrF) کۆ بوونەوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، دلێر خورشیدی سپاسی دەرفەتی گفتوگۆی کرد و ئاماژەی بە هاوبەشیی بەها و بنەما سیاسییەکانی نێوان دوو لایەن دا. سیروان قادرزادەش سپاسی هەڵوێستی ڕوون و بنەماییانەی حیزبی دێموکرات مەسیحی کرد کە لە ماوەی ڕابردوودا بە شێوەیەکی ئاشکرا دژایەتیی خۆی لەگەڵ ستەم و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە نیشان داوە و پشتگیریی خۆی بۆ خەباتی گەلانی ئێران بۆ ئازادی و دادپەروەری دەربڕیوە.
نوێنەرانی حیزب ئەم هەڵوێستەی حیزبی دێموکرات مەسیحییان بەرز نرخاند کە کاریگەریی گرنگی بۆ بزووتنەوەی دێموکراسی و ڕزگاریخوازی لە ئێراندا هەیە.
ئامانجی سەرەکیی ئەم دیدارە بۆ هەیئەتی حیزب وێڕای بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوان هەر دوو حیزب، دیالۆگ لەسەر بارودۆخی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خستنەڕووی پێویستیی پشتگیریی سیاسی بۆ دۆزی کورد و پشتگیری بۆ سیستمێکی دێموکراتی و نا- ناوەندی لە ئێرانی داهاتوودا بوو.
نوێنەرانی حیزب داوایان کرد کە حیزبی دێموکرات مەسیحی پشتگیریی سیاسیی خۆی بۆ مافەکانی کورد لە ئێران ڕوونتر و بەهێزتر بکات و بۆ پشتیوانی لە داواکارییە ڕەواکانی کورد بۆ ئازادی، دادپەروەری و بەشداریکردنی ڕاستەقینەی سیاسی لە سیاسەتی نۆروێژدا دەنگێکی کاریگەر بێت.
لەلایەن نوێنەرانەوە جەخت کرایەوە کە بۆ ئێران وەک وڵاتێکی فرەنەتەوە، دامەزراندنی سیستمێکی دێموکراتی و نا-ناوەندی دەتوانێ چارەسەرێکی جێگیر و سەقامگیر بێ بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نەتەوەکان. ئەم سیستمە دەبێت لەسەر بنەمای سەروەریی یاسا، هەڵبژاردنی ئازاد، خۆبەڕێوەبردنی ڕاستەقینەی هەرێمی و دانپێدانان و پاراستنی مافەکانی هەموو نەتەوەکان دامەزرابێت.
لە گفتوگۆکاندا هەر دوو لا هاوڕابوون کە پێویستە لایەنە دێموکراتخوازەکانی ئۆپۆزسیۆن، پلانی سیاسیی ڕوون بۆ داهاتووی ئێران پێشکەش بکەن.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا حیزبی دێموکرات مەسیحی ئامادەیی خۆی بۆ گفتوگۆ و هاوکاریی زیاتر دەربڕی و هەیئەتی حیزب سپاس و پێزانینی خۆیان بۆ کۆبوونەوەکە پێشکەش کرد.