کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی کۆمیتەی حیزب لە سوید سەردانی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانییان کرد

20:46 - 14 رێبەندان 2725

ڕۆژی دووشەممە ١٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٤(٢/٢/٢٠٢٦)، هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێکهاتوو لە بەڕێزان "محەمەد ئیسماعیلی" هاوکاری تەشکیلاتی دەرەوەی وڵات، "نەبەز عەلیدووست" بەرپرسی کۆمیتە، "کەریم حوسێنی" بەرپرسی تەشکیلات و "نیشتمان عەزیزی" بەرپرسی پێوەندییە کوردستانییەکان لە وڵاتی سوید، لەگەڵ نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری ستۆکهۆڵم کۆ بوونەوە.

لەو کۆبوونەوەدا کە لە کەشێکی دۆستانەدا بەڕێوە چوو، تیشک خرایە سەر پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات و نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

دواتر لەژێر ڕووناکایی گۆڕانکاری و پێشهاتە تازەکاندا، چەند باسێکی پێوەندیدار بە دۆخی ئێستای کورد، هەلومەرجی پارچەکانی کوردستان و پێوەندییەکانی لایەنە کوردستانییەکان هاتە گۆڕێ.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باسی ڕەوەندی کوردی لە دەرەوەی وڵات، ئەرکی لایەنە کوردستانییەکان لە پێوەندی لەگەڵ یەکگرتوویی و یەکدەنگیی کورد لە بەرابەر پێشهات و ئاڵوگۆڕەکاندا کرا کە بوو بە دەرفەتی باسێکی شوێندانەر لە پێوەندی لەگەڵ کاری هاوبەشدا.

لە بەشێکی دیکەی باسەکاندا، هەیئەتی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوید، وێڕای جەختکردنەوە لەسەر ڕۆڵی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پێوەندی لەگەڵ پرسە نیشتمانییەکان، هەڵوێستی حکوومەتی هەرێم و خەڵکی باشووری کوردستانیان لە پێوەندی لەگەڵ ڕووداوە تازەکانی، ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بەرز نرخاند.

لە کۆتاییدا هەیئەتی حیزب خۆشحاڵیی خۆیان بۆ ئەو چاوپێکەوتن و پێشوازییە گەرمە ڕاگەیاند و لە کەشێکی دۆستانەدا، کۆتایی بە چاوپێکەوتنەکە هات.