کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ستەمکاریی ئایینییەوە بۆ دەسەڵاتخوازیی تێکنۆکراتیک (ڕەخنەیەکی پێکهاتەیی لە پڕۆژەی گەشەکردنی ئێران/دەفتەرچەی باری نائاسایی)

09:59 - 15 رێبەندان 2725

د. مەنسوور سوهرابی

دەفتەرچەی قۆناغی باری نائاسایی - پڕۆژەی گەشەکردنی ئێران کە تیشک دەخاتە سەر ١٠٠ تا ١٨٠ ڕۆژی یەکەمی دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی و خولی تێپەڕین، خۆی وەک بەرنامەیەکی کارناسانە و مۆدێرن بۆ جێگیرکردن و بنیاتنانەوەی وڵات دەناسێنێت. بەڵام لە ڕوانگەی سیاسییەوە، بەتایبەت بە وردبوونەوە لە لاپەڕەکانی ٧ تا ١٣ و بەشە ئەمنییەکان، ئەم پڕۆژەیە پێش ئەوەی لە خزمەت تێپەڕین بەرەو فرەخوازیی دێموکراتیک بێت، بەرەو چەسپاندنی نەزمێکی ناوەندگەرای توند بە بەرگی تێکنۆکراتیکەوە هەنگاو دەنێت.

ئەندازیاریی سێ‌قۆڵیی دامەزراوەی ڕاپەڕینی نیشتمانی، دەوڵەتی گواستنەوە و دیوانی گواستنەوە لەژێر ڕێبەرایەتیی تاکە کەسێکدا (ڕەزا پەهلەوی)، غایببوونی تەواوی سازوکارە نامەرکەزییەکان و بەردەوامیی لۆژیکی ئەمنیی ڕووبەڕووبوونەوەی جیابوونەوەخوازی لە ئاست داخوازیی نەتەوەکانی وەک کورد و بەلووچ، ئەم گەڵاڵەیە لە پڕۆژەیەکی تەبایی‌سازەوە دەگۆڕێت بۆ بەڵگەنامەیەکی دژەتەبایی.

 

تێپەڕین یان بنیاتنانەوەی دەسەڵات؟

دوای چەندین دەیە لە داخرانی سیاسی و ستەمکاریی ئایینی لە ئێراندا، گەڵاڵەی جۆراوجۆر بۆ سەردەمی دوای کۆماری ئیسلامی خراونەتە ڕوو. یەکێک لە تێروتەسەلترینەکانی ئەم گەڵاڵانە، پڕۆژەی گەشەکردنی ئێران (IPP)ە کە لە چوارچێوە و شێوەی کۆمەڵە گەڵاڵە و بەتایبەت "دەفتەرچەی قۆناغی باری نائاسایی" لە لایەن تۆڕێک لە دامەزراوەکان، لەوانە NUFDI و گروپەکانی وەک DAFERS، داڕێژراوە و جەخت لەسەر بەڕێوەبردنی خولی نائاسایی و تێپەڕین دەکاتەوە.

ئەم بەڵگەنامەیە، لە ڕواڵەتدا، بە زمانی بەرنامەداڕشتن، بەڕێوەبردنی ریسککردن و ئاماژەدان بە ئەزموونە هاوشێوەکان (لەوانە بەرگزیت لە بریتانیا) خۆی وەک چارەسەرێکی تکنیکی بۆ گواستنەوە دەناسێنێت. کەچی کاتێک لە ڕوانگەی پێکهاتەی دەسەڵات، پرسی نەتەوەکان و پارادایمی ئەمنییەوە سەیری دەکەین، وێنەیەکی تر دەردەکەوێت: پڕۆژەیەک کە لە ستەمکاریی ئایینی دوور دەکەوێتەوە، بەڵام لە کردەوەدا، بەرەو دەسەڵاتخوازیی تێکنۆکراتیک و دووبارەبەرهەمهێنانەوەی ناوەندگەرایی هەنگاو دەنێت.

ئەندازیاریی دەسەڵات لە لاپەڕەکانی ٧ تا ١٣: دووبارەبەرهەمهێنانەوەی تاکتەوەری

بەشی پرۆسە و پێکهاتەی سیاسیی تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی (لاپەڕەکانی ٧ تا ١٣) دڵی سیاسیی پڕۆژەکەیە. لەم بەشەدا، مۆدێلی دەسەڵات لەسەر تەوەری ڕێبەری ڕاپەڕینی نیشتمانی بونیاد نراوە کە بە ڕاشکاوی ڕەزا پەهلەوی وەک ئەو کەسە فەڕز کراوە. ئەو پێکهاتەیەی لەم لاپەڕانەدا کێشراوە، بە ڕواڵەت سێ دەسەڵاتەکە لە یەکتر جیا دەکاتەوە، بەڵام لە کردەوەدا، هەموو شتێک لەژێر چەتری تاکە کەسێکدا کۆ دەکاتەوە.

 

دامەزراوەی ڕاپەڕینی نیشتمانی و ڕێبەری دەستنیشانکراو

 لە قۆناغی پێش ڕووخاندا، ڕێبەری ڕاپەڕینی نیشتمانی دوو دامەزراوە پێک دەهێنێت: دامەزراوەی ڕاپەڕینی نیشتمانی و دامەزراوەی جێبەجێکاری کاتی. دوای ڕووخان، سیستەمی گواستنەوە دەبێتە سێقۆڵی: دامەزراوەی ڕاپەڕینی نیشتمانی (بە ڕۆڵی یاسادانان لە سەردەمی تێپەڕیندا)، دەوڵەتی گواستنەوە (دەسەڵاتی جێبەجێکردن) و دیوانی گواستنەوە (دەسەڵاتی دادوەری).

بەپێی دەقەکە، دانان و لابردنی سەرۆکەکانی هەر سێ دامەزراوەکە، بە پێشنیاری دامەزراوەی ڕاپەڕینی نیشتمانی و پەسەندکردنی ڕێبەری ڕاپەڕینی نیشتمانی ئەنجام دەدرێت. ئەم ئاستە لە چڕبوونەوەی دەسەڵات لە دەستی یەک کەسدا، تەنانەت ئەگەر بە پاساوی سەردەمی تێپەڕینیش بێت، لە ڕوانگەی سیاسییەوە پێکهاتەکانی ویلایەتی ڕەها بیر دەخاتەوە؛ پێکهاتەیەک کە تێیدا دەسەڵاتەکان بە ڕواڵەت لێک جیان، بەڵام پەتە سەرەکییەکەی دەسەڵات لە دەستی یەک کەسدایە.

نوێنەرایەتیی ڕواڵەتی و پارلەمانی دەستنیشانکراو لە بەندی ٦دا هاتووە کە ئەندامانی دامەزراوەی ڕاپەڕینی نیشتمانی بڕیارە نوێنەرایەتیی فرەڕەنگیی نەتەوەی یەکپارچەی ئێران بکەن، بەڵام دەستبەجێ ڕوون دەکرێتەوە کە ئەم ئەندامانە لەلایەن ڕێبەری ڕاپەڕینی نیشتمانییەوە دەستنیشان دەکرێن و لابردنیشیان بە دەنگی زۆرینەی دامەزراوەکە و پەسەندکردنی ڕێبەر دەبێت. بەم شێوەیە، نوێنەرایەتی دەبێتە کارێکی سەرەوە بۆ خوارەوە:

- چ ڕێوشوێنێکی هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرانی نەتەوە و ناوچەکان لە ئارادا نییە.

- حیزبەکان، بزووتنەوەکان و هێزە پەراوێزخراوەکان لە باشترین دۆخدا دەتوانن هیوادار بن چەند کەسایەتییەکی نزیک لەوان هەڵبژێردرێن، نەک ئەوەی خۆیان نوێنەر هەڵبژێرن.

ئەم دژایەتییە، پارلەمانی گواستنەوە هەر لە سەرەتاوە دەگۆڕێت بۆ دامەزراوەیەکی ڕواڵەتی کە ئەرکەکەی ڕەوایەت دانە بە بڕیارەکانی ڕێبەر و ناوکە سەرەکییەکەی دەسەڵات، نەک ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی فرەیی کۆمەڵگە.

 

نەبوونی پێکهاتەیەکی تەواو نامەرکەزی

لە سەراپای گەڵاڵەی سیاسی و یاساییدا، هیچ ئاماژەیەک بە مافی دیاریکردنی چارەنووس، لامەرکەزییەتی قووڵ، یان تەنانەت مۆدێلێکی جیدیی لامەرکەزییەتی سیاسی نابینین. هەموو دامەزراوە سەرەکییەکان – دامەزراوەی ڕاپەڕینی نیشتمانی، دەوڵەتی گواستنەوە، دیوانی گواستنەوە، مەهستان – سەرتاسەری و ناوەندگەران. بۆ نەتەوەکانی وەک کورد کە چەندین دەیەیە دروشمی "دێموکراسی بۆ ئێران، خودموختاری بۆ کوردستان" و فیدراڵیزمیان بەرز کردووەتەوە، ئەم بەڵگەنامەیە لە کردەوەدا بنبەستێکی سیاسییە.

بەرنامەی کاری ئەنجومەنی دامەزرێنەرانیش بە جۆرێک پێناسە کراوە کە چوارچێوەکەی (ژمارەی کورسی، مەرجەکانی کاندیدبوون) لە ئاستێکی بەرزدا لە پێشترەوە داڕێژراوە و لە دەقی دەفتەرچەکەدا هاتووە. لە چوارچێوەیەکی ئاوەهادا، ئەگەری خستنەڕووی جیدیی بەدیلە فرەنەتەوەییەکان – وەک فیدراڵیزمی نەتەوەیی-ناوچەیی – هەر لە سەرەتاوە سنووردار دەکرێت.

 

دۆکترینی ئەمنییەتی و دووبارەبەرهەمهێنانەوەی ئەنگی جیاییخوازی

لە بەشە ئەمنییەتی و سەربازییەکاندا، پڕۆژەکە جەخت لەسەر جێگیرکردنی کۆنترۆڵ و زنجیرەی فەرماندەیی، پاراستنی یەکپارچەییی وڵات و ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە ئەمنییەکان دەکاتەوە. لە دەقە سەرەکییەکەدا لەژێر باسی هێزە سەربازییەکاندا، ڕووبەڕووبوونەوەی کردەوە جیاییخوازییەکان و هەڕەشەی تاقمەکان وەک یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی ئەرتەش و دامەزراوە ئەمنییەکان ناو دەبرێت.

لە مێژووی سیاسیی هاوچەرخی ئێراندا، جیاییخوازی ناوی ڕەمزی سەرکوتی داخوازییە مەدەنی و سیاسییەکانی کوردستان، بەلووچستان و ناوچە غەیرەفارسەکانی تر بووە. دانانی داخوازییە نەتەوەییەکان لە تەنیشت هەڕەشەکانی وەک داعش و پاشماوەکانی سپا، بێ جیاکردنەوەیەکی ڕوون لە نێوان مافخوازیی دێموکراتیک و تێرۆریزم، بەردەوامیی هەمان نیگای ئەمنییەتی ڕەقە کە جیاوازییەک لە نێوان خەباتی چەکداریی بەرگریی حیزبە کوردییەکان و توندوتیژیی کوێرانەی گرووپە جیهادییەکاندا دانانێت.

ئەنجامی ئەم ڕوانگەیە ئەوەیە کە هەر داخوازییەک بۆ خۆبەڕێوەبەری، فیدراڵیزم یان تەنانەت خوێندن بە زمانی دایک، دەکرێت بە ئاسانی بخرێتە ژێر ناونیشانی هەڕەشە بۆ سەر یەکپارچەییی خاک و ببێتە پاساوی سەرکوتکردن.

 

ناکارامەییی پێکهاتەیی لە دروستکردنی تەبایی نیشتمانی

بەڵگەنامەی قۆناغی نائاسایی لە ڕواڵەتدا دەیەوێت بەستێنێک بۆ تەبایی نیشتمانی دوای ڕووخانی ڕێژێم دروست بکات، بەڵام شێوازی داڕشتن و ناوەڕۆکەکەی، لە کردەوەدا دەبێتە هۆی پێچەوانەی ئەم ئامانجە.

 

پرۆسەی سڕینەوە و نوسخەی لەپێشدا ئامادەکراو

 ئەم دەفتەرچەیە لە ژوورە هزرییە ناوەندگەرەکان و نزیک لە ڕەوتە دیاریکراوەکانی ئۆپۆزیسیۆن (وەک NUFDI) ئامادە کراوە و لە دەقەکەدا، نیشانەیەک لە بەشداریی حیزبە سەرەکییەکانی نەتەوەکان – لەوانە حیزبەکانی کورد، عەرەب، بەلووچ و تورکی ئازەری – نابینرێت. ئەوەی پێشکەش کراوە، نوسخەیەکی لەپێشەوە پێچراوەیە کە بڕیارە دوای ڕووخان، وەک گەڵاڵەیەکی ئامادە بخرێتە سەر مێز.

بۆ نەتەوە و ناوچە پەراوێزخراوەکان کە لە درێژەی چەندین دەیەدا تێچوویەکی زۆریان بۆ خەبات دژی ستەمکاری داوە، ئەم شێوازە واتایەکی تری نییە جگە لەوەی ناوەند، جارێکی تر، بێ ڕاوێژ لەگەڵ ئەوان، مۆدێلی داهاتووی دیاری کردووە. ئەمەش لە جیاتی تەبایی، کەلێنی ناوەند-پەراوێز قووڵتر دەکاتەوە.

 

دادپەروەریی تێپەڕینی نادادپەروەرانە

 لە بەشی دیوانی گواستنەوەدا، سەرنجی سەرەکی لەسەر دادگاییکردنی سەرانی ڕێژێمی کۆماری ئیسلامی و پێکهێنانی دامەزراوەی ‌دۆزینەوە ڕاستییەکان بۆ بەڵگەنامەکردنی تاوان و گەندەڵی. بەڵام هیچ ئاماژەیەک بەوە ناکرێت کە تاوانە سیستماتیکەکان لە ناوچە پەراوێزەکاندا – وەک کۆمەڵکوژییەکانی دەیەی ٦٠ و ئۆپەراسیۆنە سەربازییە فراوانەکان لە کوردستان، یان هەینیی خوێناویی زاهیدان – وەک تاوان دژی نەتەوەیەکی دیاریکراو یان بەشێک لە سیاسەتی سەرکوتی نەتەوەکان لێکۆڵینەوەی بۆ بکرێت و ناو بنرێت.

بەم شێوەیە، دادپەروەریی تێپەڕین لەم گەڵاڵەیەدا، زیاتر لە ئاستی نیشتمانی-نێوخۆیی و بەرانبەر بە سەری هەرەمی دەسەڵات لە تاران پێناسە دەکرێت، نەک لە ئاستی ئەزموونە تایبەتەکانی نەتەوە پەراوێزخراوەکان.

 

ئەمنییەتی نیشتمانی یان ئەمنییەتی ناوەند؟

لە بەشەکانی پەیوەندیدار بە چاکسازیی سەربازی و ئەمنیدا، بەڵگەنامەکە جەخت لەسەر پاراستنی قەوارەی هێزە چەکدارەکان و پۆلیس –بە هەموارکردن و پاڵاوتن– و ڕێگری لە دەرکەوتنی "گرووپە چەکدارە هاوتەریبەکان" دەکاتەوە.

 

دووبارەبەرهەمهێنانەوەی دەزگای سەرکوت

 پێشنیاری بەڵگەنامەکە ئەوەیە کە لە جیاتی هەڵوەشاندنەوەی گشتیی دەزگا ئەمنی و پۆلیسییەکان، پێکهاتەی گشتییان بپارێزرێت و تەنیا بەشێک لە فەرماندەیی و ئەنجامدەرانی سەرەکیی تاوانەکان لاببرێن. ئەم نیگایە مەترسییەکی جیدییە بۆ سەر نەتەوە پەراوێزخراوەکان: هەمان ئەو دەزگایانەی کە چەندین دەیە ئامرازی سەرکوت لە کوردستان و بەلووچستان بوون، ئێستا بە ناوێکی نوێ و لەژێر ڕێبەرایەتییەکی تازەدا، دووبارە بەرهەم دەهێنرێنەوە.

 

هەژموونی سەربازی و مەترسیی پێکدادانی چەکداری

 بەڵگەنامەکە باس لە جێگیرکردنی خێرای هێزەکان بۆ ڕێگری لە دەرکەوتنی گرووپە چەکدارە هاوتەریبەکان دەکات. لە کرداردا، ئەم دەربڕینە دەکرێت هێزەکانی بەرگریی حیزبە کوردییەکان و هێزە ڕێکخراوەکانی تریش بگرێتەوە کە ساڵانێکی زۆر لە بەرانبەر ڕێژێمی پێشوو بەرگرییان کردووە.

ئەگەر لە سەردەمی تێپەڕیندا، دەوڵەتی ناوەندیی نوێ بیەوێت بە پشت‌بەستن بە ئەرتەش و هێزە ئەمنییەکان، ئەم هێزانە چەک بکات و لایان ببات، ئەگەری گۆڕینی خولی تێپەڕین بۆ گۆڕەپانی پێکدادانی چەکداری زۆر بەرز دەبێتەوە. لە جیاتی ئەوەی تێپەڕین دەرفەتێک بێت بۆ ڕێکخستنەوەی پەیوەندیی نێوان ناوەند-پەراوێز، دەبێتە مەیدانی شەڕێکی نوێ.

ئەنجامگیری بەڵگەنامەی پڕۆژەی گەشەکردنی ئێران لە بوارەکانی ئابووری، ژێرخان و بەڕێوەبردنی قەیراندا، خاڵی تکنیکیی سوودبەخشی تێدایە، بەڵام لە بواری سیاسی و ئەمنیدا، بەڵگەنامەیەکی دژەتەبایییە. ئەم دەفتەرچەیە، بە پشتگوێخستنی فرەیی نەتەوەیی ئێران و پشت‌بەستن بە مۆدێلی دەسەڵاتخوازی ناوەندگەر، نەک هەر ناتوانێت متمانەی نەتەوە ئێرانییەکان – بەتایبەت کورد، بەلووچ و عەرەبەکان – بەدەست بهێنێت، بەڵکوو بە دووبارەکردنەوەی ناونیشانی ئەمنیی وەک جیاییخوازی، پێشینەی سەرکوتەکانی داهاتوو فەراهەم دەکات.

گواستنەوە لە ستەمکاریی ئایینییەوە بۆ دەسەڵاتخوازیی تێکنۆکراتیک، ئەگەرچی بە وشەی مۆدێرن و پاکێجی کارناسیش بێت، چارەسەری قەیرانی مێژوویی ئێران نییە. بۆ گەیشتن بە ئێرانێکی بەڕاستی گەشەکردوو، دەبێت لە مۆدێلی فەرماندەیی لە ناوەندەوە تێپەڕین و بەرەو نەزمێک بڕۆین کە تێیدا ناسینی مافی یەکسان بۆ هەموو نەتەوە و ئایینەکانی ئەم جوغرافیایە بنەما بێت. بەبێ بە فەرمی ناسینی مافی دیاریکردنی چارەنووس، زامنکردنی مافی زمانی و کولتووری، و داڕشتنی پێکهاتەیەکی فیدراڵ یان لانیکەم بەقووڵی نامەرکەزی، هەر گەڵاڵەیەک بۆ تێپەڕین، شتێک زیاتر لە گۆڕینی مۆرەکان لە سەرووی هەرەمی ستەمکاری نابێت.