کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەنابردنی ئێران بۆ وڵاتانی دیکە بۆ پێشگرتن لە هێرشی ئەمریکا

12:19 - 12 رێبەندان 2725

ڕۆژنامەی "ئورشەلیم پۆست" لە یەکێک لە وتارەکانی خۆیدا ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی لە هەوڵدایە تا لە ڕێگەی وڵاتانی دیکە پێش لە هێرشی ئەمریکا بگرێت.

بەپێی ئەو وتارە، لە ڕۆژەکانی ڕابردوودا تاران لەگەل ڕووسیە، تورکیە و چەندین وڵاتی دیکە پەیوەندیی گرتووە تا بۆ پێشگرتن لە هێرشی ئەمریکا بۆ سەر کۆماری ئیسلامی نێوبژیوانیی بکەن.

ئورشەلیم پۆست ڕایگەیاند کە تاران هیوادارە کە ڕووسیە بتوانێت لە نفووزی خۆی بۆ بەکارهێنانی گوشار کەڵک وەربگرێت.

ئێران هەروەها هیوادارە کە وڵاتانی دەورووبەری کەنداو بەتایبەت قەتەر کە لە ئاگربەستی شەڕی ١٢ ڕۆژەش ڕۆڵی هەبوو، لەو بارودۆخە هاوکاریی بکەن.

نووسەری ئەو وتارە پشتڕاستی دەکاتەوە کە ڕێژیمی ئێران هەڕەشەکانی ئەمریکای بە جیددی وەرگرتووە و دەزانێت هەر گفتوگۆیەک لەگەڵ دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ پێویستی بە دەستکەوتێکی دیاریکراو هەیە بۆ واشنگتۆن؛ لە هەمان کاتدا، هێشتا ڕوون نییە تاران چ سەرکەوتنێک دەتوانێت لەم چوارچێوەیەدا ڕادەستی ئەمریکا بکات.

لە هەمان کاتدا، هەوڵ و جووڵە دیپلۆماسییە تازەکان لەلایەن عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ پێشگرتن بە شەڕ و ‌هێرشی ئەمریکا دەستی پێ کردووە.

عێراقچی ڕاگەیاندووە کە ئێران هەمیشە ئامادەی هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی ناوچە بۆ گەیشتن بە سەقامگیری بووە و ئامانجی سەرەکیی ئەم هەوڵانەی ڕێگری لە هێرش دژی ئێرانە.

ئەو قسانەی عێراقچی لەحاڵێکدایە کە دۆناڵد ترامپ پێشتر ڕایگەیاندبوو کە تاران لەوانەیە لە جیاتی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ هێرشی نیزامیی ئەمریکا، وتووێژ بکات .

لەلایەکی دیکەشەوە، بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی هێشتا جەخت دەکەنەوە کە توانای مووشەکیی ئێران جێی وتووێژ نییە؛ لەحاڵێکدا کە سنوردارکردنی توانای مووشەکیی ڕێژیم یەکێک لە ویستە سەرەکییەکانی ئەمریکایە.

ئەم گۆڕانکارییانە لە کاتێکدا ڕوو دەدەن کە دۆخی ناوچەکە هێشتا پڕ لە گرژییە و تاران هەوڵ دەدات بە چالاککردنی دیپلۆماسی، ڕێگری لە چوونە ناو قۆناغێک بکات کە ئیتر لە کۆنتڕۆل دەربچێت.