سەرۆکی پێشووی مێزی ئێران لە ڕێکخراوی سیای ئەمریکا لە نوێترین لێدوانیدا باسی لە هەوڵەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ دووبارە بەهێزکردنەوەی گرووپە تێرۆریستییەکانی لە ناوچەکە کردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ١٥ی ڕێبەندان، نۆرمێن ڕۆڵ، سەرۆکی پێشووی مێزی ئێران لە ڕێکخراوی سیای ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا لەبارەی هەوڵە بەردەوامەکانی ڕێژیمی تاران بۆ دووبارە پڕچەککردنی دەستوپێوەندییەکانی لە ناوچەکە نووسیویەتی: "هەرچەند کۆماری ئیسلامی لە ڕەوتی دانوستانەکاندا بابەتی گرووپە نیابەتییەکانی کەمڕەنگ نیشان دەدات، بەڵام هەموو هەوڵەکانی بۆ دووبارە نۆژەنکردنەوە و بەهێزکردنیان خستووەتە گەڕ".
هەروەها نۆرمەن ڕۆڵ ئاماژەی بەوە داوە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ڕەوتی بەرنامەیەکی چەند ساڵەدا و بە شێوەی ئاشکرا، دەستی هێزی قودسی سپای پاسدارانی بۆ ئەو مەبەستە ئاوەڵا کردووە.
ناوبراو باسی لەوە کردووە کە وڵاتانی ناوچەکە نیگەرانی ئەوەن کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە بەرانبەر هەر سزا و سنووردارکردنێکی ناوکی و مووشەکیدا، هەوڵەکانی بۆ دووبارە بەهێزکردنەوەی حووسییەکان، حیزبوڵڵا، حەماس، حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارەکانی ئەفریقا بخاتەوە گەڕ و شەڕ و نائارامییەکانی ناوچە پەرە بسێنێت.