ئەرتەشی ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێرانی خستە خوارەوە کە خەریکی نزیکبوونەوە لە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری یوو ئێس ئێسی ئابراهام لینکۆڵن بوو.
ئەم فڕۆکەیە لە جۆری شاهێدی ١٣٩ی ئێرانی بووە کە بەرەو لای کەشتییەکە چووە و لەلایەن فڕۆکەیەکی شەڕکەری ئێف ٣٥ی ئەمریکاییەوە کراوەتە ئامانج و خراوەتە خوارەوە.
کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فاکس نیووز هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە بە مەبەستێکی نادیار و بە شێوەیەکی هێرشکەرانە لە کەشتییە ئەمریکاییەکە نزیک بووەتەوە.
تیم هاوکینز، وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، فڕۆکەیەکی شەڕکەڕی ئێف ٣٥ لە هەوێکی بەرگریدا بۆ پاراستنی کەشتییەکە ئەبراهام لینکۆڵن ئەو هێزانەی لەوێ جێگیر بوون، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی خستووەتە خوارەوە.
ئاژانسی ئەسۆشەیتێدپرێس بە پشتبەستن بە سێنتکام بڵاوی کردەوە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە سەرەڕای هەوڵەکانی هێزەکانی ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزی لە ئاوە نێودەوەڵەتییەکاندا، لە جووڵە بەرەو کەشتییەکە بەردەوام بووە .