ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی خوازیاری گواستنەوەی شوێنی وتووێژەکان لەگەڵ ئەمریکا لە ئیستانبوڵ بۆ عومانە و هەروەها داوای کردووە ئەو کۆبوونەوەیە دوولایەنە و بەبێ بەشداریی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بەڕێوە بچێت.
"کارۆلین لیڤیت"، وتەبێژی کۆشکی سپی، ڕۆژی سێشەممە ١٤ی ڕێبەندان لە وتووێژ لەگەڵ "فاکس نیوز" ڕایگەیاند کە بەرنامەی چاوپێکەوتنی ستیڤ ویتکاف، نۆینەری تایبەتی ئەمریکا لەگەڵ ئێران هێشتا لەجێی خۆیەتی و ئەو وتووێژانە لە ڕۆژانی داهاتوو ئەنجام دەدرێت.
ناوبراو هەروەها جەختی کردەوە کە تا ئێستا هیچ ئاڵوگۆڕێک لە بەرنامەی وتووێژەکان نەکراوە.
پێشتر ڕاگەیەندرابوو کە وتووێژەکان لەنێوان کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا لەو حەفتەیە لە ئیستانبوڵ و بە بەشداریی وڵاتانی ناوچە لەوانە پاکستان، عەرەبستان، قەتەر، میسر، عومان و ئیمارات بەڕێوە دەچن.
هاوکاتیش هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە تاران هەوڵ دەدا وتووێژەکان تەنیا لە چوارچێوەی دۆسییەی ناوکیدا بمێنێتەوە و بابەتەکانی دیکە نەیەنە بەر باس.
ڕۆیتێرز لە زاری بەرپرسێكی ئەمریکاییەوە ڕایگەیاندبوو کە نۆینەری تایبەتی دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە ڕۆژی هەینی لە ئیستانبوڵ و لەسەر ئەگەری ڕێککەوتنی ناوکی و بابەتەکانی دیکە وتووێژ دەکەن.
ئەو هەوڵانەی کۆماری ئیسلامی لەکاتێکدایە کە دۆناڵد ترامپ ڕۆژی سێشەممە دووبارە هەڕەشەی لە ڕێژیمی ئێران کرد و وتی: "ئێستا خەریکی وتووێژ لەگەڵ ئێرانین و هیوادارین ئاکامێکی باشی هەبێت، چۆن ئەگەر دەرەنجامێکی نەبێت، لەوانەیە ڕووداوی خراپ ڕوو بدات".