کۆمەڵێک لە ناوەندە مەدەنیییەکان و چالاکانی مافی منداڵان بە دەرکردنی نامەیەکی سەرئاوەڵا ڕوو لە سەرۆکی بەندیخانەکانی ڕێژیم داوایان کردووە کە بە زووترین کات و بەبێ مەرج منداڵان و مێرمنداڵانی ژێر تەمەنی ١٨ ساڵان ئازاد بکەن.
لەو نامەیەدا ڕوو لە وەزیری بەناو دادگوستەریی ڕێژیم، دادستانی گشتی، دادستانی تاران، کۆمسیۆنی پەروەردەی مەجلیسی ڕێژیم و ناوندە داکۆکیکارەکانی مافی منداڵان داوا کراوە کە پێڕاگەیشتنی دادپەروەرانە بە دۆسییەی ئەو منداڵانەدا بکرێت.
هەروەها لەو نامەیەدا، ناوەندە داکۆکیکارانی مافی منداڵان نیگەرانیی خۆیان لەبارەی شوێنی ڕاگیران و هەڵسوکەوتی بەرپرسانی ڕێژیم لەگەڵ ئەو منداڵانە دەربڕیوە.
بەپێی زانیاریی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان و داکۆکیکارانی مافی منداڵان، ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباردا ڕێژەیەکی بەرچاو لە منداڵان و مێرمنداڵانی ژێر تەمەنی ١٨ ساڵانیان شەهید و هەزار منداڵی و قوتابییان دەسبەسەر کردووە.
پێشتریش کانوونی سێنفیی مامۆستایان لە دووتوێی بەیاننامەیەکی تونددا وێڕای مەحکوومکردنی سەرکوتی خوێناویی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە لە سەرانسەری ئێراندا ڕایگەیاندبوو کە زیاتر کە ١٥٠ منداڵ و مێرمنداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵان و لانیکەم ١٠ مامۆستای قوتابخانە لە ڕەوتی ڕاپەڕینی مانگی بەفرانباردا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم کوژراون.