کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشخستنی نۆرەی دۆسییەی دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە

19:16 - 15 رێبەندان 2725

ڕۆژی سێشەممە ١٤ی ڕێبەندان، "محەممەدجەعفەر مونتەزێری"، بەرپرسی دیوانی باڵای ڕیژیم ڕایگەیاند کە دۆسیەی دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤، بە هۆکاری هەستیاری و ئەمنییەتیبون، لە پێشخستنی نۆرە و جێبەجێکردنی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

پێشتریش داواکاری گشتیی ڕێژیم بە دەرکردنی بڕیارێکی تایبەت بۆ خێراکردنی بەدواداچوونەکانی ئەم دۆسییەیە، ناڕازییانی بە "مۆرەی دەرەکی" ناساندووە و خوازیاری بڕیاری سزادان بە بێ هیچ نەرمی نواندنێک بووە.

ئەم داخوازییانە نیگەرانییەکانی لەبارەی پێشێلکردنی مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە، سەربەخۆیی دادوەری  و تەشەنەسەندنی ئاڵۆزییە ئەمنییەتییەکانی لە هەڵسوکەوت لەگەڵ ناڕازییان زیاتر کردووە.

ئەم پرۆسەیە دەتوانێت ببێتە هۆی سزای قورس و ناڕوون بۆ دەسبەسەرکراوان و سنوردارکردنی مافی بەرگریکردنی یاسایی لە خۆیان.

بنەماڵە و چالاکانی مەدەنیش ڕەخنەیان لە ناڕوونیی زانیارییەکانی پەیوەست بە شوێن و بارودۆخی دەسبەسەرکراوان گرتووە و خوازیارن چاودێریی نێونەتەوەیی و پابەندبوونی پێوەرەکانی مافی مرۆڤ لەم پرۆسەیە ڕەچاو بکرێت.