بە بەشداریی نوێنەری حیزب لە بریتانیا، گرووپی پارلەمانتارانی هەموو پارتەکانی پارلەمانی بریتانیا بۆ کوردستانی ئێران بۆ یەکەم جار دامەزرا.
ڕۆژی سێشەممە، ١٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٤(٣/٢/٢٠٢٦)، بە بەشداریی ڕزگار ئالانی، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بریتانیا، گرووپی پارلەمانی هەموو پارتەکانی پارلەمانی بریتانیا بۆ کوردستانی ئێران، لە یەکێک لە هۆڵەکانی پارلەمان، بە بەشداریی ژمارەیەک ئەندامی پارلەمان و سیاستەوانی بریتانی، بە فەرمی کرایەوە.
ئەم کۆبوونەوەیە بە وتارەکانی بەڕێز لوک ئاکهرست، بەرپرسی سەرۆکایەتیی گرووپەکە، دەستی پێ کرد و بۆ یەکەم جار ئەم گرووپە وەک گرووپێکی دۆستایەتی و پەرەپێدانی دێموکراسی لەگەڵ گەلی کوردستانی ئێران دەستی بەکار کرد. ئەم گرووپە لە ژمارەیەک ئەندامی پارلەمان، لۆرد و سیاسەتوانانی بریتانیایی پێک هاتووە.
دواتر، بەڕێز گاری کێنت، کە دۆستێکی کۆن و لەمێژینەی گەلی کوردە، چەند وتەیەکی پێشکەشی بەشداربووان کرد.
لە دواییدا ڕزگار ئالانی وتارێکی کورتی پێشکەش کرد و سپاسی ئەو ئەندام پارلەمانانە و کەسایەتییە بریتانییەکان کرد کە ماوەیەکی زۆر بۆ دامەزراندنی ئەم گرووپە هەوڵیان داوە.
هەروەها، لە قسەکانیدا باسێکی لە گرنگیی ئەم گرووپە لە داهاتوودا بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی و دۆستایەتیی نێوان گەلی کورد لە ئێران و وڵاتی بریتانیا کرد و ئەم گرنگییەی زۆر بەنرخ و بنەڕەتی زانی.
نوێنەری حیزب لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بەشداربووانی لە دوایین خۆپیشاندانەکانی ئێران بەگشتی و کوردستانی ئێران بەتایبەتی ئاگادار کردەوە. هەروەها باسێکی لەسەر ناوەندی دیالۆگ و گرنگیی ئەم ناوەندە بۆ کوردستانی ڕۆژهەڵات کرد.
نوێنەری حیزب ڕوونی کردەوە کە ئێستا کات و وەختی ئەوە هاتووە و بگرە درەنگیش بووە کە وڵاتانی ڕۆژاوا چاوخشکاندنێک بە سەر هەڵوێست و سیاسەتی خۆیان لە هەمبەر ڕێژیمی ئێراندا بخشکێنەوە، و داوای ئەوەی کرد هەوڵ بدرێت تا سپای پاسداران لە بریتانیاش بخرێتە لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان.