کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێتانیاهوو هێڵی سووری بۆ ڕێککەوتننامەی ئەمریکا لەگەڵ ڕێژیم دیاری کرد

19:27 - 15 رێبەندان 2725

ماڵپەڕی وای نێت لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا نێواخنی چاوپێکەوتنی ستیڤ ویتکاف و بێنیامین نێتانیاهووی بڵاو کردەوە و تێیدا باسی لە هێڵە سوورەکانی ئیسرائیل بۆ ڕێککەوتننامەی نێوان ئەمریکا و ڕێژیمی تاران کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی وای نێتی ئیسرائیلی، بێنیامین نێتانیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەو چاوپێکەوتنەدا، ڕاگرتنی تەواوی پیتاندنی ئورانیۆم، وەلانانی هەموو ئورانیۆمە پیتێندراوەکان، ڕاگرتنی بەرنامەی مووشەکی بالستیک و کۆتاییهێنان بە پشتیوانی لە هێزە نیابەتییەکانی وەکوو هێڵی سووری ئیسرائیل دیاری کردووە.

وای نێت بە ئاماژەدان بە گرنگی و وردەکاریی ئەو چاوپێکەوتنە باسی لەوە کرد ئەو چاوپێکەوتنە سێ کاتژمێر و نیو درێژەی کێشاوە و تیمی باڵای ئەمنییەتیی ئیسرائیل لەو چاوپێکەوتنەدا نوێترین وێنە و زانیاریی بەرنامەی ناوکی، پڕۆژەی مووشەکی بالستیک و کوشتوبڕی خەڵکی ئاسایی لەلایەن ڕێژیمی تارانیان خستووەتە ڕوو.

هەروەها ئەو ماڵپەڕە باسی لە نیگەرانیی جیددیی ئیسرائیل لەبارەی ئەگەری ڕێککەوتنی ئەمریکا لەگەڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و بەزاندنی هێڵە سوورەکانی ئیسرائیل کردووە.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا چەندین جار بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل پێداگرییان لەسەر هیڵە سوورەکانی ئەو وڵاتە کردووەتەوە و باسیان لەوە کردووە کە ئەگەر ڕێژیمی تاران لەو هەوڵانە و بەزاندنی هێڵە سوورەکان بەردەوام بێت هێرشێکی بەربڵاوتر و زیانبارتر لە شەڕی ١٢ ڕۆژە لە دژی دەسەڵاتدارانی تاران ئەنجام دەدەن.