دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە نوێترین لێدوانەکانیدا سەبارەت بە تێکهەڵچوونە بەردەوامەکان لەگەڵ ئێران، بە ئاماژەدان بەوەی کە بە «سەرکەوتنی خێرای سوپای ئەمریکا» ناوی برد، داوای لە هێزە سەربازییەکانی ئێران کرد چەکەکانیان دابنێن. ئەو هەروەها داوای لە دیپلۆماتەکانی کۆماری ئیسلامی لە سەرانسەری جیهان کرد، داواکاریی پەنابەری پێشکەش بکەن و پۆستەکانیان بەجێ بهێڵن.
ترامپ ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی ڕەشەمێ وتی: «جارێکی دیکە داوا لە هەموو ئەندامانی سوپای پاسداران، ئەرتەش و هێزەکانی پۆلیسی ئێران دەکەم چەکەکانیان دابنێن. ئەگەر نا، تەنیا شتێک کە نسیبیان دەبێت مەرگ دەبێت. ئێستا کاتی ئەوەیە لە تەنیشت مەلەتی ئێراندا بوەستن و یارمەتیی وەرگرتنەوەی وڵاتەکەتان بدەن.»
سەرۆککۆماری ئەمریکا هەروەها جەختی کردەوە: «بە دڵنیاییەوە گیانتان دەپارێزرێت؛ ئەگەر نا، ڕووبەڕووی مەرگ دەبنەوە.»
ئەو لە درێژەدا ڕووی دەمی کردە دیپلۆماتە ئێرانییەکان لە سەرانسەری جیهان و زیادی کرد: «داوا لە دیپلۆماتە ئێرانییەکان دەکەین داوای پەنابەری بکەن و یارمەتیمان بدەن تا ئێرانێکی نوێ و باشتر بە توانایەکی گەورەوە بنیات بنێین.»
ترامپ هەروەها وتی کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەم تێکهەڵچوونانەدا، «تەنانەت زووتر لەو خشتە کاتییەی کە دیاری کراوە»، گەیشتووەتە ئەو ئەنجامانەی مەبەست بوو.